ئەمریکا یاری به‌ بازاڕی نەوت ده‌كات

بازاڕی نەوت بە بازاڕێکی گرنگ لە سەر ئاستی جیهان دادەنرێت و کێبەڕکێ لەم بازاڕەدا ڕۆژانە زیاتر دەبێت و بە هاتنی ڕکابەرێکی بەهێزی وەک ئەمریکا دەبێت چاوەڕوانی ئاڵۆزی زیاتر لەم بازاڕەدا بین. ڕکابەرێک کە بە هەبوونی هێزی سیاسی و ئابوری دەتوانێت لە بازاڕی ئەمڕۆی نەوتی جیهان ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت.

لە ساڵانی ڕابردوو سەبارەت بە شەڕە نەوتییەکانی جیهان زۆر نووسراوە و شرۆڤەش کراوە. ئەو شەڕانەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستیپێکرد و گیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێ تاوانی گرت و ئامانجی سەرەکی لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕانەش دەست بە سەرداگرتنی سەرچاوەکانی نەوت و هەناردەکاری ئەم وزوەیە بووە. لە زۆربەی ئەم شەڕانەش ئەمریکا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە و بەڵگەکانی ئەمەش زۆر جار خراونەتەڕوو. بەڵام پێدەچێت سەردەمی شەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوت کۆتایی هاتووە و ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغی شەڕی سارد لە گەڵ وڵاتانی خاوەن نەوت.

ماڵپەڕی ئۆیل پرایس سەبارەت بەم بابەتە دەنووسێت: ئەمریکا یاری بازاڕی نەوتی بردووەتە گۆڕەپانێکی دیکە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە ڕێگای بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکاری بە بێ هیچ تێچوویەکی سەربازی، مرۆڤی و ئابوری گوشاری پێویست لە سەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت و ئەوان لە گۆڕەپانەکە وەدەربنێت.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتا هەفتەی مانگی نۆڤمبێری ئەمساڵ، ئەمریکا ڕۆژانە ٨٧٧ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی ئاسیایی کردووە کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبوونەوە بەراورد بە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی نۆڤمبێر پیشان دەدات. ئەمەش بەرزترین ڕێژەی هەناردەکاری لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو بووە و بە پێی بڕیاری ڕێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بە بەردەوامی سیاسەتی دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەرمایەگوزاری ئەمریکا لە وەبەرهێنانی نەوتی شێل چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێت.

کڕیارانی ئاسیایی نەوتی ئەمریکا:
گەورەترین کڕیاری ئاسیایی نەوتی ئەمریکا، وڵاتی کۆریای باشورە کە تا ئێستا بەشێکی زۆری نەوتی خۆیی لە ڕێگای وڵاتی سەعوودیاوە دابین دەکرد. ئەم وڵاتە لە کۆتا هەفتەی مانگی نۆڤمبێر ڕۆژانە ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئەمریکا هاوردە کردووە و هەواڵی ڕێکەوتنیشی لە گەڵ ئەم وڵاتە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی هاوردەکاری نەوت بڵاو بووەتەوە. چین بە دووەم وڵاتی گەورەی هاوردەکاری نەوتی ئەمریکا دادەنرێت و لە کۆتا هەفتەی مانگی نۆڤمبێر ڕۆژانە ٢٢٢ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئەمریکا هاوردە کردووە. چین یەکێک لە کڕیارانی نەوتی ئێرانە. هیندستان کە سێهەم کڕیاری گەورەی نەوتی ئەمریکایە لە کیشوەری ئاسیا، ڕۆژانە ١٥١ هەزار بەرمیل نەوتی لەم وڵاتە کڕیوە. ئەندونیزیا و ژاپۆن دوو وڵاتی دیکەی کڕیاری نەوتی ئەمریکان.

گەشەی هەناردەکاری ئەمریکا لە مانگی نۆڤمبێر:
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی نۆڤمبێری ئەمساڵ بە شێوازێکی مامناوەند ڕۆژانە ٤٧٠ هەزار و ٣٣٠ بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە، بەڵام لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی توانای هەناردەکاری و بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئەمریکا لە گەڵ وڵاتانی ئاسیایی، هەناردەکاری ئەم وڵاتە بۆ ئاسیا دوو هێندە زیادی کردووە. هەندێک ئەم گەشەیە بە سەردانەکەی دوناڵد ترەمپ بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیایی گرێ دەدەن و پێیان وایە کە ئەم گەورە بازرگانە کە لە ئێستادا سەرۆک کۆماری ئەمریکایە، بازاڕی گەورەی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا دابین کردووە. گەیشتن بەم بازاڕانەش دەتوانێت دەرفەت و هەلی کاری زیاتر لە ئەمریکا بڕەخسێنێت و داهاتی زیاتریش بۆ کەرتی ئابوری ئەم وڵاتە مسۆگەر بکات.

نیگەرانی وەبەرهێنەرانی ئۆپێک:
بەڵام وڵاتانی کۆریای باشور، چین، ژاپۆن و هیندستان بە گەورەترین کڕیارانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک هەژمار دەکران و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکاری نەوتی ئەمریکا بۆ ئەم وڵاتانە بە مانای دابەزینی پشکی وڵاتانی ئۆپێک دێت. گرنگتر ئەوەی کە ئەمریکییەکان بە نرخێکی کەمتر ئەم نەوتە بە بازاڕەکانی ئاسیا دەدەن و بەم هۆیەشەوە بەردەوام کڕیارانی نەوتی ئەمریکا ڕوو لە زیادبوون دەکات.

نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک بابەتێکی جیدییە، کۆمپانیای سینۆپەکی چین ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ هاوردەی نەوتی ئەمریکا بۆ دوو هێندە بەرز دەکاتەوە تا بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستی پاڵاوگەکانی ئەم وڵاتە بێت. لەمساڵیش ئەم کۆمپانیایە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئەمریکا هاوردە کردووە و چاوەڕوان دەکرێت هاوردەی نەوتی چین لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ بگاتە ١٢ ملیۆن بەرمیل.

دەبێت چاوەڕوان بین کە ئەم کێبەڕکێیە دەگاتە کوێ و ئایا ئەمریکا دەتوانێت ئامانجە سیاسییەکانی لە ڕێگای کاریگەری زیاتر لە سەر بازاڕی نەوتەوە مسۆگەر بکات یان نە.