بانکی ناوەندی عێراق هەموو بانکەکان ئاگاداردەکاتەوە کارەکانیان لە کوردستان رابگرن

بانکی ناوەندی عێراق هەموو بانکەکان لە عێراق ئاگاداردەکاتەوە کاری لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان رابگرن، هۆشداریشیان پێدەدات ئەگەر لەماوەی هەفتەیەکدا کارەکانیان هەڵنەپەسێرن، سزایان دەدات.

بانکی ناوەندی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بانکەکانی کردووە، رایگەیاندووە: “بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 58 لە 12-10-2017 لەبارەی نەفرۆشتنی دراوی بیانی بەو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و بۆ بەردەوام بەشداربوونتان لە مەزادی فرۆشتنی دراوی بیانی، داواکارین ئاگادارمان بکەنەوە لەبارەی هەڵپەساردنی کاری لقەکانتان لە هەرێم تا ماوەیەکی دیارینەکراو، لە ماوەی هەفتەیەک لە رێککەوتی دەرچوونی ئەم نووسراوە”.

نووسراوەکە لە 7-11-2017 دەرچووە و لەلایەن جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق واژۆکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە 25-9-2017 دا، حکومەتی عێراق چەندین رێوشوێنی سیاسی و سەربازی و ئابووری بۆ فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان گرتوونەتەبەر و سوورە لەسەر ئەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکە هەڵبووەشێندرێتەوە.

وێنەیەک لە بڕیارەکە