کۆڕبەندی بازرگانی ئۆزباکستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

کۆڕبەندی بازرگانی ئۆزباکستان و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
کۆڕبەندی بازرگانی ئۆزباکستان و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی هاوبەشی، لە شاری تاشکەندی پایتەختی ئۆزباکستان بەڕێوەچوو.
داڤرۆن ڤاخابۆڤ، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ئۆزباکستان، وتەیەکی پێشکەشکرد تیادا رایگەیاند خۆشحاڵم ئەمرۆ دەبینم ژمارەیەکی زۆری بازرگانی هەرێمی کوردستان لێرەن و لەگەڵ بازرگان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە هاوبەشی بازرگانی و کارکردن لە داهاتوو . هەروەها ئاماژەی بە رەوشی بازرگانی و پیشەسازی وڵاتی ئۆزباکستانی کرد و ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەکی نیشاندا .
لە کۆڕبەندەکەدا، نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد ڕەسوڵ سەفرەی، جێگری سەرۆک، لەگەڵ ئەحمەد عەلی کەلاری، سابیر ئەمین، بەهمەن عوسمان و خالید حاجی عەلی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی سلێمانی، بە هاوبەشی شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد.
لەکۆڕبەندەکەدا، نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئۆزباکستان کردەوە.
ئەو وتی: خۆشحاڵین بە بەشداریکردنمان لەم کۆڕبەندە بازرگانییەدا لە شاری تاشکەند. بەشداریی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هاتنی شاندێکی بازرگانان بۆ ئۆزباکستان، دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی کاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکان و خاوەنکارانی ئۆزباکستان دەدەین.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە شاری سلێمانی دەرفەتەکی فراوانی وەبەرهێنانی لە بواری خانووبەرە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و چەندین بوار و کەرتی دیکەدا هەیە.
ئەو جەختی کردەوە کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئامادەیە پشتیوانی و پاڵپشتی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئۆزباکستان بکات بۆ کاری هاوبەش وە هەر لە وتەکانیدا دەرفەتەکانی کاری هاوبەش و وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی خستە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکەدا، کۆبوونەوە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئۆزباکستان ئەنجامدرا. لەم دیدارانەدا، بەشداربووان بە ئامانجی ئاشنابوون بە تواناکان، بەرهەمەکان و پرۆژەکانی یەکتر، لەسەر دەرفەتەکانی کاری هاوبەش و پەرەپێدانی مامەڵە و هاوبەشییە بازرگانییەکان گفتوگۆیان کرد.
شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان، و نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، و محمەد رەسوڵ سەفرەی و سابیر ئەمین و ئەحمەد علی کەلاری و بەهمەن عوسمان و خالید حاجی علی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتە جیاوازەکان، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، و کۆمەڵێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەشدارن لەم گەشتە بازرگانیەی ووڵاتی ئوزباکستان.