رۆیتەرز: درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی ئۆپیک، نرخی نەوتی بەرزکردەوە

بەهۆی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی وڵاتانی وەبەرهێنانی نەوتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوویەوە. 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لەکاتژمێر 03:02 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی خاوی برینت 59 سەنت بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێکی بە 63.22 دۆلار فرۆشراوە.

هاوکات نرخی نەوتی خاوکی ئەمەریکاش 46 سەنت بەرزبووەتەوەو نرخی هەر بەرمیلێکی گەیشتووەتە 57.86 دۆلار.

دوێنێ ئەندامێکی ئۆپیک رایگەیاند، ئەندامانی رێکخراوەکە لەسەر درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت رێککەوتون تاکۆتایی ساڵی 2018.

ئەندامانی ئۆپیک دوای چەند کاتژمێرێک لەگفتوگۆکردن لەبارەگای رێکخراوەکە لە ڤییەنا دوێنێ گەیشتنە رێککەوتن.

لەناوەڕاستی ئەمساڵەوە نرخەکانی نەوتی خاو بەڕێژەی لەسەدا 40 بەرزبوونەتەوە ئەویش بەھۆی ڕێککەوتنێکی نێوان ئەندامانی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و گەورە بەرھەمھێنەرانی دیکەی نەوت، لەنێوانیشیاندا ڕووسیا، بۆ سنوردارکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو، لەپێناوی کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیھاندا.