شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی وەبەرهێنان، پیشەسازی و بازرگانیی ئۆزبەکستان کۆبوونەوە.
تاشکەند – 2026/7/17
لە درێژەی گەشتی بازرگانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئۆزبەکستان، نەوزاد غەفوور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەگەڵ محەمەد ڕەسوڵ سەفرەی، جێگری سەرۆک، بەشداری کۆبوونەوەیەکی فەرمیان لەگەڵ وەزارەتی وەبەرهێنان، پیشەسازی و بازرگانیی کۆماری ئۆزبەکستان کرد.
شاندی هەرێمی کوردستان لەلایەن (عەلیێڤ ئەکرەم زایرۆڤیچ)، جێگری وەزیری وەبەرهێنان، پیشەسازی و بازرگانیی کۆماری ئۆزبەکستان، بە وەکالەت پێشوازییان لێکرا. وە خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو لا کردەوە. هەروەها ئومێدی دەربڕی کە ئەم سەردانە ببێتە دەستپێکی هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ دروستکردنی هاوکاریی هاوبەش و فراوانکردنی وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان.
نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، لەکۆبونەوەکەدا وتەیەکی پێشکەشکردو رایگەیاند بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کاربکەن لەگەڵ بازرگانانی ئۆزباکستان بەپێی ئەو یاسا و ئاسانکاریانەی بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا پارێزگای سلێمانی گەشە و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پیشەسازی و بازرگانی، کشتوکاڵی و گەشتوگوزار هەروەها ئاماژەیان بە کارئاسانی و هاندانی وەبەرهێنان کرد کە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دابینی کردووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی جەخت لەوە کردەوە شاری سلێمانی لەڕوی ئارامی و ئاسایشەوە گونجاوە بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان، وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، کارئاسانی و پشتیوانی ئەو کۆمپانیایانە دەکەین کە دەیانەوێت کاری هاوبەش ئەنجام بدەن لە سێکتەرە کانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی شاندە بازرگانییەکان و پەرەپێدانی هاوکاریی دوولایەنە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئۆزبەکستان دابین بکات.
شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان، و نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، و محمەد رەسوڵ سەفرەی و سابیر ئەمین و ئەحمەد علی کەلاری و بەهمەن عوسمان و خالید حاجی علی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتە جیاوازەکان، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، و کۆمەڵێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەشدارن لەم گەشتە بازرگانیەی ووڵاتی ئوزباکستان.









