ڕێکەوتی 2026/7/17، نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محەمەد رەسوڵ جێگری سەۆک، بەشداریان کرد لە کۆبوونەوەی (ئیبڕۆخیم ئەبدوڕەخمانۆڤ) وەزیری کشتوکاڵی ئوزباکستان.
نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لامان پشتیوانیمان لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاریی دوو لایەنە کرد، بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ، گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ، گۆڕینەوەی ئەزموون و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و شێوازە نوێیەکانی کشتوکاڵ.
شاندی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندیی کشتوکاڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان کردەوە، هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەکانی باخداری، بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە، پرۆژەی گاوداری و پەلەوەری و پڕۆژەکانی ئاودێری و پیشەسازیی کشتوکاڵی دەربڕی.
لە بەرامبەردا، (ئیبڕۆخیم ئەبدوڕەخمانۆڤ) وەزیری کشتوکاڵی ئۆزبەکستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانەکە و پشتیوانی خۆی دوپاتکردەوە بۆ فراوانبوونی پەیوەندییەکان و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە ئەزموون و شارەزایی خۆی لە بواری کشتوکاڵی مۆدێرن، تەکنەلۆژیای نوێ و پەرەپێدانی زنجیرەی بەرهەمهێنان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوبەش بکات.
شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان، و نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، و محمەد رەسوڵ سەفرەی و سابیر ئەمین و ئەحمەد علی کەلاری و بەهمەن عوسمان و خالید حاجی علی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتە جیاوازەکان، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، و کۆمەڵێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەشدارن لەم گەشتە بازرگانییەی وڵاتی ئوزباکستان.











