سلێمانی: عمولەی جوتیاران لادەبرێت

بەمەبەستی بەبازاڕ کردن و پشتگیری بەرووبوومە ناوخۆییەکانی سەوزە و میوە، عمولە لە جوتیاران وەرناگیرێت و جێگری بەرێوبەری کشتوکاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت رێگە بە ھاوردە کردنی ئەو بەروبومانە نادرێت کە وەرزی پێگەشتنیانە.
 
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٧.٩.٢٨ ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت لەگەڵ لیژنەی ھاوسەنگی سەوزە و میوە، کە پێک ھاتوون لە نوێنەرانی ئاسایشی ئابووری، بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و چاودێری بازرگانی سلێمانی کۆبوویەوە.
 
پاش کۆبونەوەکەش، رزگارحەمەخدر جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ووتی: بەمەبەستی پشتگیری کردنی بەروبوومە ناوخۆییەکانی سەوزە و میوە، بڕاردرا عمولە لە جوتیاران وەرنەگیرێت، و زیاتر ھانبدرێن بۆ کشتوکاڵ کردن تا بەرووبومی ناوخۆ زیاتر بکەن کە نزیکەی دوو مانگە بازارەکانی پڕکردۆتەوە و توانیویەتی پێداویستی و خواستی ھاوڵاتیان دابین بکات.
 
رزگار خدر ووتیشی: لەلایەن لیژنەکەمانەوە گرنگی بەبازارکردنی بەروبومی سەوزە و میوەی ناوخۆ دراوە، بۆیە بەشێک لە بەروبوم لەسەوزە و میوە ناوخۆییە زیادەکان، ھەناردەی ناوەراست و خواروی عێراق دەکرێت، بۆ رێگری کردنیش لە ھاوردەکردنی بەرووبومی دەرەکی بڕیار دراوە کە رێگری یان باجێکی زۆر بخرێتە سەر بەرووبوومە ھاوردەکراوەکە بۆ ئەوەی توانای کێبڕکێی بەرھەمی ناوخۆیی نەبێت.
 
سەبارەت بە فرۆشتنی سەوزەی ئاوی قورس لە عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بە ئەوەش کرد،  بەدواداچوونی کراوە بەڵام دەرکەوتووە لە عەلوەی سلێمانی بوونی نیە، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام چاودێری دوکان و نوسینگەکانی عەلوە دەکرێت، لەحاڵەتی کرین و فرۆشتنی ئەو جۆرە سەوزە، شوێنەکەی دادەخرێت و خاوەنەکەی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.