بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری عێراق ڕەتی دەكاتەوە گەشتەكانیان ڕاگرتبێت

بەمەبەستی زیادكردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری هەفتەی داهاتوو ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای گەشتیاری عێراقی لە هەولێر دیدارێَك ساز دەكەن و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری عێراقی ڕەتی دەكاتەوە گەشتەكانیان ڕاگرتبێت.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ڕاگەیەنداوێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان هاتووە، دوای بڕیارەكانی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دەنگۆی رێگریكردن لە گەشتی كۆمپانیاكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوبووەوە، دوای بەدواداچوونی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەركەوت كە هیچ بریارێكی لەم جۆرە دەرنەچووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی گەشتوگوزار هاتووە، بۆیە چاوەروان دەكرێت كۆمپانیاكانی گەشتیاری عێراق لە هێنانی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بن، هەروەها لە ئەنجامی بەدواداچوونەكەدا لە پەیوەندی تەلەفۆنی  بەرێوەبەری گشتی لە دەستەی گەشتوگوزاری عێراق مەحمود زوبێدی رەتی كردەوە لە لایەن دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ‌ بڕیاری رێگری كردن بۆ هەرێمی كوردستان لە كۆمپانیاكانی عێراق درابێت.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سەرقاڵی زیاتر رێكخستنی گەشتەكان و پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاریە بۆیە بانگهێشتی كۆمپانیاكانی عێراق دەكات و دیدارێك لە شاری هەولێر ساز دەكات و بەدواداچوون بۆ پێداویستی و كێشەكانیان دەكات و رێكاری گونجاو بۆ زیاتر دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیار و كۆمپانیاكانی گەشتیاری  دەگرێتەبەر.