پارێزگاری سلێمانی:زیادەڕەوی زۆر دەكرێتە سەر موڵكی گشتی

 
پارێزگاری سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فەرمانگەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، زیادەڕەوی زۆر دەكرێتە سەر موڵكی گشتی و كەسانێكی هەلپەرەست رۆشتنی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشیان كردووە بە دەرفەت بۆ زیادەڕەوی كردنە سەر موڵكی گشتی و بۆ بەرگری لەو حاڵەتەش ناچاربوون بەشێك لە هێزەكانی پۆلیس بگێرنەوە ناو شار.
 
بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە كێشەو گرفتەكانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون سەرپەرەشتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تیدا هەر یەك لە بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و  بەرێوەبەری فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی و جێگری بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و جێگری بانكی گشتی هەرێم/ سلێمانی و  جێگری بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی و  سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئامادەی بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا كێشەی خزمەتگوزاری و تاپۆكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێكردن خرایە بەر باس  لەو رووەوە چەند بریارێك درا.
لەو رووەوە بریاردا پەلە بكرێت لە رایكردنی مامەڵەی تۆماركردنی ئەو شوقە و خانووانەی هاووڵاتیان لە پرۆژەكانی نیشتەجبوون كڕیوویانە مامەڵە یاساییەكانیان تەواو بووە.
سەبارەت بە خزمەتگوزاری ناو پرۆژەكانی نێشتەجێبوونیش، بریاردا شارەوانی سلێمانی و  لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، سەرپەرەشتی  ئەو كۆمپانیانە بكەن كە خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن و نرخی خزمەتگوزارییەكانیش خەمڵاندنی بۆ بكرێتەوەو  یەكبخرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە، دوای تەواو بوونی پرۆژەكان وەبەرهێنەر مافی بە پرۆژەكەوە نامێنێت و دەبێت بە موڵكی ئەو هاووڵاتیانەی كە لە خانوو یەكەكان سودمەند بوون ، لەو پرۆژانەشدا كە مامەڵە یاساییەكانیان تەواو بووە ، پێویستە هاووڵاتیان ئاگادار بكرێنەوە بۆ تەواوكردنی مامەڵەی بە ناوكردنی یەكەكانیان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باسی زیادەڕەووی كرا  لەسەر موڵكی گشتی و دانانی چەند رێوشوینێك بۆ بەرگرتن لەو كارە نایاساییە.
لەو رووەوە پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:” زیادەڕەووییەكی زۆر بۆ سەر موڵكی گشتی دەستی پێكردووەو خەڵكانێكی هەلپەرەست رۆیشتنی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشیان بۆ بەرەكانی شەڕی تیرۆر، قۆستۆتەوە بۆ زیادەڕەووی كردن، بۆیە ناچاربووین بەشێك لەو هێزانە بگێڕنەوە بۆ ناو شار بۆ بەرگرتن لەو زیادەڕەوویانە.
پارێزگار  داوای لە لیژنەكانی قائیمقامیەت كرد لەگەڵ شوفێرانی گەڵابە و شۆفڵ و خەباتەكەكان و ئامیرەكانی تری بینا سازیدا كۆببنەوەو  ئاگادارییان بكەنەوە كە “هەر كەسێك كار بكات بۆ ئەو بینایانەی بەشێوەی زیادەڕەووی دروست دەكرێن وەك هاوبەش لە زیادەڕەووییەكەدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەست دەگیرێت بەسەر ئامێرەكەیدا و ئامێرەكەشی رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكرێت”