شاندێکی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی دەکات.

شاندێکی یەکێتی ئەوروپا سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی دەکات.
ڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦، نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەگەڵ محەمەد ڕەسوڵ سەفرەی، جێگری سەرۆکی ژوور، و سابیر ئەمین، بەهمەن عوسمان، ئارام بابان، بورهان عەلی و جەوهەر ستار، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازییان لە شاندێکی یەکێتی ئەوروپا کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە ڤی. ئێم. ڕیپما، بەرپرسی هاوکاری، زیاد العوبەیدی، سارا ماگری و مارلین ڤۆم هۆف، بەڕێوەبەرانی پرۆگرام لە یەکێتی ئەوروپا.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی دەستپێکردنی کاری هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ژینگە، پیشەسازی خۆراک و کەرتی بانکی.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و وڵاتانی ئەوروپا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ئێستاشدا پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوو لایەن بەردەوامن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەروەها ڕوونی کردەوە کە بازرگانانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کار دەکەن و هەوڵ دەدرێت پەیوەندییە بازرگانییەکان زیاتر پەرە پێ بدرێن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەشداریکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بازاڕە ئەوروپییەکان فراوانتر بکرێت.
لە بوارەکانی ژینگە و کشتوکاڵیشدا، ئاماژەی بە گرنگی وەبەرهێنان کرد و وتی ژینگە یەکێکە لە بوارە گرنگەکانی کار لە پارێزگای سلێمانی و هەوڵ بۆ بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ژینگە بەردەوامە. هەروەها کشتوکاڵ بە یەکێک لە سێکتەرە سەرەکییەکانی ئابووری ناوچەکە دانرا و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام پشتگیری و هاوکاری ئەم بوارانە دەکات.
سەرۆکی ژوور لە بەشێکی تری قسەکانی، باس لە وەبەرهێنا لە کەرتی بانکی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە سیستەمی بانکی لە ئێستادا بەرەو پێشچووە، بەڵام پێویستە گرنگی زیاتر بەو کەرتە بدرێت، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بتوانن خزمەتگوزارییە بانکییەکان زیاتر و باشتر بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکان دابین بکەن.
لە کۆتاییدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاری و دانانی هەنگاوی کرداری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و لایەنەکانی یەکێتی ئەوروپا کردەوە.