بەفەرمی ئەنجامی بەرایی گشتپرسی راگەیێندرا

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەفەرمی ئەنجامی بەرایی گشتپرسیی باشووری کوردستانی بۆ سەربەخۆیی راگەیاند. بەپێی ئەنجامەکە 72.16% ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە، 92.73% ی بەشداربووان بە بەڵێ و 7.27% بەشداربووانیش بە نەخێر دەنگیان داوە.

لە 5 پارێزگای باشووری کوردستان (هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە) و شار و شارۆچکە کوردستانییەکانی سەر بە سێ پارێزگای عێراق (موسڵ، دیالە و سەلاحەدین)  و کوردستانیانی دەروەی عێراق 4 ملیۆن و 581 هەزار و 255 کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەسیش واتە 72.16% ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە.

بەپێی ئەنجامەکەی کۆمیسیۆن لەو ژمارەیە 170 هەزار و 611 دەنگ دوورخراونەتەوە، 40 هەزار و 11 دەنگ پووچەڵکراونەتەوە، 9 هەزار و 368 دەنگیش بە سپی دراون.

بەمپێیە 3 ملیۆن و 85 هەزار و 935 دەنگ بە دروستی دراون، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 دەنگ بە بەڵێ واتە 92.73% ی بەشداربووان، 224 هەزار و 468 دەنگیش واتە 7.27% ی بەشداربووان بە نەخێر دەنگیان داوە. 

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆک و بەڕێوەبەرانی کۆمیسیۆن رایانگەیاند، دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکان بەفەرمی رادەگەیێندرێن.