قەندیل، سماق ڕنین ژنان لەدەوری یەکتر کۆدەکاتەوە

لە گوندەکانی بناری قەندیل کاری سماق ڕنین، ژنان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و پێکەوە بەدەم کارەوە ڕاز و نیازی خۆیان باس دەکەن.
 
یەکێک لە کارە بەکۆمەڵەکانی ژنان لە کوردستاندا کاری سماق ڕنینە، کە هەموو ساڵێک لە کۆتایییەکانی مانگی گەلاوێژدا، جموجووڵێکی تایبەت لە ناو گوندەکانی بناری قەندیلدا دروست دەبێت و ژنان بەدەم قسەی نەستەق و گۆرانی وتنەوە بەرەو سماق ڕنین بەڕێدەکەون.
 
ئەم کارە هەموو ئەرکەکانی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، هەر لە چاندنی نەمامەکانەوە بگرە هەتا ڕنینی بەرهەمەکە، ئەوان نەمامەکان لە لانکەی زەویدا بەخێو دەکەن و وەک منداڵەکانیان دەیپارێزن و خزمەتی دەکەن، پاش سێ ساڵ نەمامەکان ئیدی پێدەگەن و دەبنە ئەو سماقە هاڕدراوەی لەسەر سفرەکانی ئێمەوە خۆی دەنوێنێت. 
 
سماق لێکردنەوە و کوتانی، ماندوو بوونی زۆر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، تایبەتی لە گەرمای هاویندا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم زەحمەتیانەش، دیسان ژنان بە ڕووی خۆش و لێوی بە خەندەوە کارەکەیان بەڕێوەدەبەن. 

خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیل وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی بەرهەمی سماق بەکارناهێنن، ئەوان سماق بە پارە نادەن بە کەس، ئەوەی کەمی هەیە بەشی خۆی دەکات و ئەوەشی کە زۆری هەیە لە ناو خزم و دراوسێکانیدا دابەشی دەکات هەرکەس بەشی تێداهەیە و کەس لێی بێ بەش نابێت.
 
لەسەر تایبەتمەنییەکانی سماق بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، ئامینە محەمەد، یەکێک لەو ژنانەی، کە کاری سماق ڕنین دەکات بە ڕۆژنیوزی وت: سماق زۆر تایبەتمەنی باشی هەیە، لە زۆر شوێندا وەک دەرمان بە کاردەهێنرێت، لە دابەزاندنی پەستانی خوێن(زەخت)دا سوودی هەیە، پوکی ددان بەهێز دەکات و بۆ گەدە-ش زۆر باشە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی تەندروست بخورێت نەک بە ڕێژەیەکی زۆر، هەروەها وەک گیایەکی دەرمانی سەیر دەکرێت و لە زۆرێک ناوچەدا بەرهەم دێت، بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە زۆر باشە.
 
سماق و ترش جێگرەوەیەکی باشە بۆ هەندێ بەهاراتی دیکە، کە بۆ ترشکردنی خواردن بەکاردەهێنرێت، تەنانەت چیلکەکانیشی بۆ ڕەنگ کردنی قوماش و پارچەی ئاوریشم بەکاردێت.
 
سماق دارێکی بەرهەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەرئەوەی بە گشتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوێت، سماق یاوەرێکی باشی خواردنە کوردەوارییەکانە، لەگەڵ کەباب و دۆڵمە و زۆر خواردنی دیکەدا دەبێتە میوانی سفرەکانمان و تام و لەزەت بە خواردنەکانمان دەدات.
 
سەرەڕای هەموو تایبەتمەندییە باشەکانی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و کۆکردنەوەی ژنان لە دەوری یەکدا و پێش خستنی کلتوری دیاری و بەخشین لەناو کۆمەڵگەدا، ئەم کارەی ژنان لە گوندەکانی بناری قەندیل، بیری خستینەوە کە ئەو ئابوورییەی کە لە دەستی ژنان دایە چ کۆمەڵێکی زێڕینی بەدواوەیە.