“هەرێم سەوزە و میوە رەوانەی شارەکانی عێراق دەکات”

ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرووبوومی کشتوکاڵییە و هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا چووتە دۆخی خۆژیاندن بە جۆرێک کە رۆژانە بەشێکی زۆر لە بەرووبوومەکانی ناوخۆیی، رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت بە تایبەت شاری مووسڵ چونکە بە هۆی داگیرکردنی ئەو شارە لە لایەن داعش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ ئەوا پڕۆسەی چاندن و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بە هەموو شێوەیەک وەستابوو، ئێستاش بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شارە و گەڕانەوەی بەشێکی خەڵکەکەی، ئەوا رۆژانە رێژەیەکی زۆر لەو بەرووبوومە کشتوکاڵییانە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ئەو شارە دەکرێت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی عەلوە، ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن لە بەرووبوومەکانی کشتوکاڵی رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەم رێژەیەش پشکی هەرە زۆری بەروبوومەکە بەر شاری مووسڵ دەکەوێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوە، رەجەب عەزیز وتی: “لەبەر ئەوەی وەرزی پێگەشیتنی بەرووبوومی خۆماڵییە بۆیە بۆ هەموو شارەکانی عێراق دەڕوات، دەتوانم بڵێم لە بابەتی پەتاتە و تەماتە و ئارو و بابەتەکانی دیکە، رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن سەوزە و میوە رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکڕێت، بەڵام بە تەنها بۆ شاری مووسڵ رۆژانە لە ٣٠٠ تۆن تا ٤٠٠ تۆن بەرووبوومی خۆماڵی رەوانەی دەکرێت”.

ساڵی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵ لە پێناو ساغکردنەوەی بەرووبوومی خۆماڵی و زیادکردنی داهات، بڕیاری دا باج لەسەر ئەو بەرووبوومانە زیادبکرێت کە لە وڵاتانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە پێی قسەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوە ئەمە بڕیارێکی باش بووە و کاریگەری لەسەر فرۆشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکان هەبووە و لەمبارەیەوە، رەجەب عەزیز گوتی: “بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ زۆر باش بوو، دوای زیادکردنی ئەو باجە لەسەر بەرهەمە بیانییەکان، ئەوا بەرهەمە خۆماڵییەکان باشتر دەفرۆشرێت، هەرچەندە ئەمە چارەسەر نییە چونکە بەرووبوومەکان زیاترن لە خواست”.

رەجەب عەزیز وتیشی: “لە وەرزی ئێستا، تەماتە و پەتاتە و ئارو و پیاز، ئەوانە زۆر زیادەیە و دەتوانین بە بێ هیچ کەموکوڕییەک بەشی هەموو عێراقی لێ بدەین، بەڵام ئەوەش تەنها بۆ ئە مانگەی وایە و دواتر گۆڕانکاری بەسەردا دێت”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوە پێی وایە ئەو بەرووبوومە خۆماڵییە تەنها لە وەرزی هاوین هەیە و دواتر بەرووبوومە بیانییەکان هاوردە دەکرێن و ئەوانیش نرخیان زۆر زیاترە لە نرخی بەرووبوومی خۆماڵی.

خاوەنی نووسینگەی قەرەچووغ، کە شوێنی فرۆشتنی بە کۆمەڵی سەوز و میوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە شاری بەغدا زۆرترین رێژەی بەردەکەوێت کە رۆژانە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

خاوەن نووسینگەی قەرەچووغ، ئەکرەم مەولوود وتی: “رۆژانە بەشێکی زۆر سەوزە و میوە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەو رێژەیەش بەشی هەرە زۆر بۆ شاری بەغدا دەچیت، تەنها بابەتی تەماتە، رۆژانە ٢٠ تۆن لە نووسینگەکەی ئێمەوە رەوانەی دەکرێت و بەم پێیەش تەنها بۆ شاری بەغدا، رۆژانە ٥٠٠ تۆن سەوزە و میوە رەوانە دەکرێت”.

خاوەنی ئەو نووسینگەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە رەوانەکردنی ئەو بەرووبوومە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی مانگی ١٠ و دواتر وەرزێکی نوێ دەست پێ دەکات و بەمەش هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئەم ساخکردنەوەیە تایبەتە بە بەرووبوومی وەرزیی، چونکە لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی ئەو بەرهەمانە رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی مانگی ١٠دا ئیتر بەرووبوومە خۆماڵییەکان نامینێنن و دەبێت بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین”.

ساڵی رابردوو، بە مەبەستی زیادکردنی داهات و پشتگیریکردن لە جووتیاران بۆ چاندنی بەرووبوومە خۆماڵییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باج و رسوماتی لەسەر ئەو بەرووبوومانە زیادکرد کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەم پێیەش ئێستا کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چووەتە ناو هەنگاوێکی تازەوە کە رۆژانە دەتوانێت تەواوی پێداویستیی شارەکانی عێراق دابین بکات.