نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ ئەم مانگە دیاریكرا

قایمقامیەتی سلێمانی، نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ ئەم مانگە دیاریكرد كە لەنێوان 13 بۆ 15 هەزار دینار دەبێت، خشتەی پێدانی كارەباشی بۆ مانگی داهاتوو راگەیاندن.

بەپێی راگەیاندراوێكی قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی،لیژنەی دیاریكردنی نرخی سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان، لە كۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا، لەسەر بنەمای سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدەكان و نرخی گازوایل لە مانگی تەمموزدا، نرخی سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدەكانی بە 42 دینارو نیو دیاریكرد.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە دوای كۆبوونەوەكە، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاندوە، بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی ئاب،پێویستە لەكاتی بڕانی كارەبای نیشتمانیدا، مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

دەربارەی نرخی كارەبای مانگی تەممووز و سەعاتی پێدانی كارەبا، سیروان محەمەد وتیشی، بۆ مانگی تەمموز نرخی سەعاتێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی 42 دینارو نیوە، كە سەعاتی كارپێكردنی مۆلیدەكان لە گەڕەكەكاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان 330 تا 350 سەعاتە، بەو پێیەش نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە.