دوورگەیەكی بچووكی نێو دەریاچەی دوكان بووەتە نیشتمانێك بۆ نەورەسەكان

ئەم دوورگە بچووكە دەكەوێتە دووری 2 كلم لە ناحیەی چوارقوڕنە رۆژئاوای شاری رانیە (رانیە دەكەوێتە دووری 134 كلم لە باكووری رۆژئاوای سلێمانی)، تێیدا تەنها نەورەسەكان دەژین و لەلای دانیشتووانی ناوچەكەش بە نیشتمانی نەورەسەكان ناودەبرێت.

لەكاتی سەردانیكردنی ئەم دوورگەیەدا، لە دوورەوە دیمەنی جوانی نەورەسەكان دەبینرێت و هەزاران نەورەسی جۆراوجۆر بە دەنگە تایبەتەكەی خۆیان و نمایشی فڕینیان پێشوازی لەو كەسانە دەكەن كە سەردانیان دەكەن.

نەورەسەكان ساڵانە و لەم وەرزەدا لە دوورگەگە كۆدەبنەوە و دەست بە وەرزی زاوزێی خۆیان دەكەن، ئەم دوورگەیەش بەلای ئەوانەوە ئارامترین شوێنە لە ناوچەكەدا بەهۆی ئەوەی دەكەوێتە ناوەڕاستی دەریاچەی دوکان و دووریان لە مەترسی و پارێزراویان لە كاتی هێلكە دانان و هەڵهێنانی بێچووەكانیان تا ئەو كاتەی بێچووەكان گەورە دەبن و لە خەم دەڕەخسێن.

دوورگەكە و نەورەسەكان لە ژێر چاودێری تیمەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەكەدان و بەردەوام تیمەكانیان بۆ پارێزگاری لە نەورەسەكان لە چاودێریدان.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین، جەبار ئادەم لەو بارەیەوە وتی: “ئەركی ئێمە پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیە و ساڵانە و بەتایبەت لە مانگی ئادارەوە قەدەغەكردنی راوە ماسی دەست پێدەكات، لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان 12 خاڵی جێگیرمان هەیە لەسەر دەریاچەكە بەمەبەستی نەهێشتنی راوی ماسی، لەهەمانكاتیشدا چاودێری وردی ئەم دوورگەیە دەكەین بەمەبەستی پاراستنی نەورەسەكان”.

جەبار ئادەم وتی: “نەورەسەكان لەم دوورگەیە دەژین و ساڵانە بەتایبەت لەم مانگەدا ئەم شوێنە هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن لانەی تێدا بكەن، ئەوان سەرەتا هێلكە دەكەن كە هەریەكەیان لە 3 تا 4 هێلكە دەكات و دوای ئەوەی هێلكەكان دەكەنە بێچوو، بەرەو ناوچەیەکی دیکە کۆچ دەکەن”.

وتەبێژی پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی راپەرین باسی لەوەش كرد، نەورەسەكان لە دەریای ناوەڕاست و هیندییەوە كۆچیان كردووە و قۆناغ بە قۆناغ گەیشتونەتە ئەو دەریاچەیە و ئەو دوورگەیەیان هەڵبژاردووە.

نەورەس لەلای دانیشتووانی ناوچەكە باڵندەیەكی سەرنجڕاكێش و جوانە، زۆرجاریش بووەتە ئیلهامی شیعری شاعیران و لە زۆرێك لە شیعری شاعیرە كوردییەكان ناوی نەورەس هاتووە.