دامەزرێنەی کۆمپانیای ئامازۆن بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیھان


دامەزرێنی کۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانی ئەلیکترۆنی ئامازۆنی ئەمریکی، جێف بیزۆس بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیھان.

گۆڤاری فۆبیس لیستی ملیاردێرانی جیھانی بڵاو کردەوە و رایگەیاند لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەی نیویۆرک سامانی بیزۆس گەیشتووەتە ٩٠.٢ ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ پشکەکانی کۆمپانیای ئامازۆن لە بۆرسەی نیویۆرک بە رێژەی سەدا ١.٦ بەزربووە و سامانی خاوەن کۆمپانیاکەش لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا بە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.

بەم پێیەش بیزۆس، دامەزرێنەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بیل گێتسی لەدوای خۆی جێھێشت و نازناوی دەوڵەمەندترین کەسی جیھانی وەرگرت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە سامانی بیل گێتس ٩٠ ملیار دۆلارە.

لە لیستەکەی گۆڤاری فۆریس رێزبەندی دەوڵەمەندترین کەسانی جیھان لە دوای بیزۆس و بیل گێتس بەم شێوەیە دراوە: بازرگانی ئیسپانی و خاوەنی کۆمپانیای زارا، ئەمانیکۆ ئۆرتێگا بە سامانی ٨٣.١ ملیار دۆلار لە رێزبەندی سێیەم، بازرگانی ئەمریکی وارین بوفیت بە سامانی ٧٤.٤ ملیار دۆلار لە رێزبەندی چوارەم و دامەزرێنەی فەیسبووک مارک زوکەربێرگ بە سامانی ٧٢.٣ ملیار دۆلار لە رێزبەندی پێنجەم دێت.