ئەمساڵ داھاتی کۆمپانیایی ئیکسۆن مۆبیل زیادی کردووە

کۆمپانیای ExxonMobil کە گەورەترین کۆمپانیای وزەی ئەمریکایە، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ قازانج و داھاتی بەرز بووەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای ExxonMobil، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ داھاتی کۆمپانیاکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە ھەمان قۆناغدا سەدا ٩ بەرزبووەوە و گەیشتە ٦٢.٨٨ ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە کە داھاتی کۆمپانیاکە لە چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو ٥٧.٦٩ ملیار دۆلار بوو.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ بە بەروارد لەگەڵ چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو، قازانجی کۆمپانیاکە سەدا ٩٧ زیادی کردووە و بۆ ٣.٣٥ ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە.

لە چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو قازانجی ھەر پشکێکی کۆمپانیاکە ٠.٤١ دۆلار بوو کە لە چارەگی دووەمی ئەساڵ ئەو ژمارەیە بۆ ٠.٧٨ دۆلار بەرز بووەتەوە.