كۆماری چیک پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ سلێمانی بەهێز دەکات


بەمەبەستی زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ شاری سلێمانی، شاندێکی بازرگانیی وڵاتی چیک لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور جێگری دوەمی سەرۆک و دلاوەر علی سۆفی کەریم و عوسمان فەتاح و عتا رەجەب ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور پێشوازیان کرد لە کونسوڵی گشتی کۆماری چیک لەهەرێمی کوردستان‌و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی چیک و کۆمەڵێک لە بازرگانانی ئەو وڵاتە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “ژووری بازرگانی سلێمانی پەیوەندی تۆکمەی چەند ساڵەی ھەیە لەگەڵ کۆماری چیک، کە لەساڵی ٢٠٠٦وە پرۆتۆکۆڵی لێک تێگەیشتن لەنێوانماندا واژۆکراوەو تواندراوە چەندین کاری ھاوبەش لەنێوان بازرگانانی ھەردولادا بکرێت، ەئەمەش پەیوەندی نیوان ھەردولای پتەوو بەھێزتر کردووە”

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا “ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تاکە ژوورە کە لەسەرتاسەری عێراقدا خاوەنی ھۆڵی کردنەوەی پێشانگاکانەو ساڵانە پێشانگای نێودەوڵەتی تیادا دەکاتەوەو کۆمپانیا بیانیەکان بەشداری تیادا دەکەن‌و بەرھەمەکانیان دەناسێنن، بۆیە ژووری بازرگانی چیکیش دەتوانن کاری کردنەوەو نمایشی کارەکانیاینی تیادا بکەن”

سەرۆکی ژوور ئەوەشی ڕونکردەوە “ژوری بازرگانی و پیشە سازی سلێمانی لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین کۆمەڵگای کۆگاکانە کە بۆ بازرگانان دروستدەکرێت‌و دەبێتە ناوچەیەکی پێشکەوتوی بازرگانی لەسلێمانی‌و تەواوی عێراقدا”.

لای خۆشیەوە، کونسوڵی گشتی چیک لەهەرێمی کوردستان، ئێڤا درداکۆڤا لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند “لەگەڵ شاری سلێمانیدا ئاشناین، بەو پێیەی کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگاناندا ئەنجام دەدەین‌و تواندراوە کۆمەڵێک کاری باش لە نێوان ھەردولادا بەڕێوە بچێتهو ببێتە بنەمای بەھێزبونی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوانمان”. 

هەروەها جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی کۆماری چیک، برۆڤۆیش میناش ڕایگەیاند “سەردانیکردنمان بەمەبەستی بەھێزکردنی پرۆژەکانمانە، ژووری بازرگانی چیک نزیکەی ١٥ ھەزار ئەندامی ھەیەو لەسەدا ٦٠ی داهاتی چیک لەڕێگەی ئەم بازرگانانەوە دابین دەکرێت کە ژووری بازرگانی چیک سەرپەرشتی دەکات”.

ئاماژەی بەوەشدا “کۆمپانیاکانی وڵاتی چیک ھەمیشە بەرھەمەکانیان لەبەرزترین کوالێتی‌و ئاستدایەو ئاسانکاریش ھەیە بۆکاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیھاندا”.

ئەوەشی ڕونکردەوە “بازرگانانی کوردستان خۆشحاڵن بەوەی کارمان لەگەڵدا بکەن بۆیە بازرگانەکانمان بەتوانایەکی زۆرەوە ھاتون و کارەکانی خۆیان لەگەڵ بازرگاناندا لەسلێمانی ڕێکدەخەن”.

 سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش جەغتی لەوە کردەوە کە وڵاتی چیک بەردەوام ھەوڵی زۆریداوە بۆ بەھێزکردنی کارە بازرگانیەکان و بازرگانانی کوردستانیش کاری بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن.