کارگەیەکی شیرەمەنی لە پێنجوێن دروست دەکرێت


لە قەزای پێنجوێن، پڕۆژەیەکی گرنگی شیرەمەنی، خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە و بە تەواوبوونیشی سوودێکی باشی بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی سنوورەکە و ھەرێمی کوردستان دەبێت.
 
نورەدین بەکر، خاوەنی پڕۆژەکە، راگەیاند: “پڕۆژەکەم کارگەیەکی گەورەیە  لە سنووری پێنجوێندا و ماوەیەکە دەستمان بە کارکردن تیایدا کردووە و تاوەکو ئێستاش لە (٨٥%)ی کارەکانی تەواو بووە”.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکەم زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری تێ چووە و ھەمووی لەسەر ئەرکی خۆم بووە و حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، لە ھاوکاریکردنمدا زۆر خەمساردن، لەکاتێکدا پڕۆژەکە سێ ساڵی ویستووە تاوەکو تەنیا مۆڵەتی دروستکردنەکەیم وەرگرتووە.
 
روونیشی کردەوە، پڕۆژەکە تایبەتە بە بەرھەمی شیر و ماست و لە داھاتووشدا ئەگەر کارەکانی باش بوو پەنیریش لەخۆ دەگرێت، واتە شیری مانگا لە جووتیاران وەردەگرین، دواتر ئەو بەرھەمانەی لێ دروست دەکەین و بە نرخێکی گونجاو لە بازاڕدا دەیفرۆشینەوە، ئەو کاتەش لەبری ئەوەی خەڵک بچێت لە خاوەن ئاژەڵەکان ماست و بەرھەمەکانی دیکەی بکڕێت، دەتوانن راستەوخۆ لە بازاڕ دەستیان بکەوێت.
 
غەریب مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای پەسنکردنی ئەو پرۆژەیە، رای گەیاند: “کێشەکان ئەوەیە، کاتێک سەرمایەگوزارێک دەیەوێت سەرمایەگوزاری بکات لە بواری کشتوکاڵ یان بوارەکانی تر، بە ھەزار حاڵ ئینجا رێگەی کارکردنی پێ دەدرێت”.
 
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: “پێویستە لەم قەیرانەدا ھاوکاریی تەواوی ھەموو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێ پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی بدەن، چونکە ھاوکاری نەکردن و رێگریکردنیان، کارەساتە”.
 
ھەر لەوبارەیەوە، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی سلێمانی، بۆ (باس) ئاشکرای کرد: داوامان کردووە حکوومەت پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە پیشەسازی بکات، یاسای گەشەی پیشەسازیی بچووک ‌و مامناوەند وەگەڕ بخرێت ‌و بە ھاوکاری ‌و دڵنیایی ‌و سیستەمی بانکی پشتئەستوور بکرێت ‌و پەیوەندی لەنێوان کەرتە ئابوورییەکان ‌و کەرتی پیشەسازیی بچووکدا بەھێز بکرێت.
 
سیروان محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو: “پێویستە حکوومەت لە بەرنامەڕێژی ساڵانە و لە نوێبوونەوە و نوێسازی ‌و گۆڕینی رەوشی وەبەرھێنان ‌و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و زانستی نوێدا، ئاسانکاریی پێویست بۆ کەرتی تایبەت بکات بە مەبەستی ھاوردەکردنی ئامێری پیشەسازی ‌و کەرەسەی خاو لەڕێگەی لێبوردنی باج ‌و گومرگ، ھەروەھا لەڕێگەی دامەزراندنی سەندوقی گەشەپێدانی پیشەسازی و بانکی پیشەسازی ‌و وەبەرھێنان ‌و قەدەغەکردنی ھەناردەی شمەک بە شێوەی خاو، ھاوکاریی ئەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی و کشتوکاڵی لەناوخۆیی ھەرێمی کوردستاندا دروست دەکەن”.
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستاندا، نزیکەی ٤٥٠ ھەزار تۆن شیر بەکار دەبرێ کە نیوەی بەرھەمی ناوخۆیە، ئەگەر خەڵکی کوردستانیش بە شێوەی ستانداردی جیھانی شیر بەکار بھێنن، ئەوا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٥٠٦ ھەزار و ٢٨ تۆن شیر بەکار دەبرێ.
 
باس