دەیان کارگەی بچووک لە کوردستان دادەمەزرێنرێن


بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای  دەکات، لە رێگەی پڕۆژەی چەند رێکخراوێکی بیانی چەندین کارگەی بچووکی  جۆراوجۆر لە  کوردستان دروست دەکرێت.
 
ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  راگەیاند، پرۆژەیەک ھەیە لە رێگەی چەند رێکخراوێکی  نێودەوڵەتی چەند کارگەیەکی بچووک لە کوردستان دروست دەکرێت، وتی: “ئەمساڵ چەند کارگەیەکی  نانەقەیسی و سرکەی سێو و ھەنار و باسوق و سجوق  لە شەقڵاوە دروست دەکرێن، پاشان لە شار و ناوچەکانی تریش دەستیان پێ دەکرێت”.
 
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانەی بە دەست و بە ئامێری کۆن ئەو کارانە دەکەن کۆ دەکرێنەوە و کارگەی بچووکیان بۆ دروست دەکرێت و بەرھەمیان زیاتر دەکرێت و ھەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێنن.
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونی کردەوە، وێڕای خەڵکی ناوخۆیی،  رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان مەبەستیانە ئاوارەکانیش لەو پرۆژانە بوونیان ھەبێت. وتیشی: “لە مانگی داھاتوودا رێکخراوی یونیدۆ، کە رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە کارەکە لە شەقڵاوە دەست پێ دەکات و راھێنان بە کەسەکان دەکات و خولیان بۆ دەکاتەوە، پاشان کارگەکان دادەمەزرێنن، لە ساڵی ٢٠١٧دا کارەکە فراوانتر دەکرێت و ناوچەی دیکەیش دەگرێتەوە.
 
ئەنوەر عومەر جەختی کردەوە، پێشووتر ئەو رێکخراوە پرۆژەی بچووکی  ھەبووە، لەوانە بۆ دروستکردنی مڕەبا و بەخێوکردنی مێشھەنگوین، بەڵام ئەمجارە پڕۆژەکە فراوانتر و گەورەترە.
 
راشی گەیاند لەپاڵ دروستکردنی ئەو کارگە بچووکانەدا، کۆمەڵە و رێکخراو بۆ جوتیاران دروست دەکرێت، تاوەکو بەشێوەی گرووپ کار بکەن و بەرھەمیان زیاتر بێت.
 
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆری بە گرنگیدان و گەشەپێدانی پڕۆژە بچووک ‌و مامناوەندییەکان ھەیە، چونکە سەرەڕای بوونی دەستی کار و توانستی مرۆیی زۆر، بێکارییەکی زۆریش ھەیە، کە زۆربەیان خاوەنی پسپۆڕی و توانست ‌و لە ھەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکانن ‌و دەکرێت بەپێی پلانێکی تۆکمەی داڕێژراو لەلایەن حکوومەت و رێکخراوەکان بەگەڕ بخرێن و دەستمایەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.