داهاتی نەوتی مانگی رابردوو ئاشكرادەبێت


وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند مانگی رابردوو زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردەكردوەو هەر بەرمیلێكیشیان بە 39 دۆلار فرۆشتوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە مانگی رابردوو بڕی 98 ملیۆن و 285 هەزارو 239 بەرمیا نەوتیان هەناردەی دەرەوە كردوەو ئەوەش بە بەراورد بەمانگی ئاب بڕەكەی كەمتر بۆتەوە، لەكاتێكدا لەو مانگەدا زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیلیان هەناردەكردبوو.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی دەشڵێت: مانگی رابردوو بەتێكڕایی رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 276 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی كۆمپانیان بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)وە فرۆشتوەو لەو بڕە نەوتەشی فرۆشراوە 97 ملیۆن و 349 هەزارو 969 بەرمیلی لەڕێی بەندەری بەسرەوە بووەو 935 هەزارو 270 بەرمیلیشی لەڕێی كێڵگە نەوتییەكانی باكورەوە هەناردەنی بەندەری جیهان كراوە.

لەبارەی نرخی هەر بەمریلێك نەوت و داهاتەكەشیەوە، عاسم جیهاد رایگەیاندوە: هەر بەرمیلێك نەوت بە 38 دۆلارو 89 سەنت فرۆشراوەو كۆی داهاتی نەوتی ئەو مانگەش گەیشتۆتە سێ ملیارو 822 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار.