بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی پێنجوێن زیادی کردووە

 
ئەمساڵ لە سنووری قەزای پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەری، جگەلە بەرهەمی شووتی و تەماتە، جووتیارانی پێنجوێن توانیویانە بڕێكی زۆر پەتاتەی خۆماڵیش بەرهەم بهێنن.
 
لەو بارەیەوە و بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرێتیی كشتوكاڵی پێنجوێن، كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بەوە كراوە، بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بریتی بووە لە (6) هەزار و (455) تۆن.
 
هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو، تەنیا لە قەزای پێنجوێن و ناحییەكانی ناڵپارێز و گەرمك و گوندەكانی سنوورەكە، 250 تۆن پەتاتە چێنراوە.
 
بەپێی ئەو ئامارە لە قەزای چەمچەماڵ 193 تەن و لە قەزای شارەزووریش 188 تەن چێنراوە.
 
ئەمساڵ تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی 155 تۆن وەك پاڵپشتی دراوە بە جووتیاران.