کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوو: هەلی کار بۆ سەدان جوتیار و دەرچووی زانکۆ دەڕەخسێنێت


کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەلی کاری بۆ سەدان جوتیار و دەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕەخساندووە، بە وتەی سەرپەرشتیاری کارگەکەش ڕووبەڕێکی بەرفراوانی دەشتی شارەزووریشیان بە کرێ‌ گرتووە بۆ بەرهەمهێنانی تەماتەی خۆماڵی.
 
دوای لەکارکەوتنی بۆماوەی سێ‌ مانگ بەهۆی چەند کێشەیەکی هونەرییەوە، لە ئێستادا کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەستی بەکارکردووەتەوە و توانای بەرهەمهێنانی ٢٥٠ تۆن دۆشاوی تەماتەی هەیە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا. 
 
جاسم محەمەد، سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، ڕایگەیاند: لەهەنگاوێکی نوێدا و بەمەبەستی بە خۆماڵیکردنی تەواوەتی بەرهەمەکانمان زیاتر لە ٢٥ هەزار مەتر دووجا زەوی کشتوکاڵیمان لە جوتیارەکانی دەشتی شارەزوور بە کرێ‌ گرتووە هەر خۆشمان وەک کرێکار لەسەر ئەو زەویانە کاردەکەین بۆ بەرهەمهێنانی تەماتەی خۆماڵی و چەند ڕۆژێکیشە دەستمان کردووە بە ناشتنی شەتڵی تەماتە لەو زەوییە کشتوکاڵیانەدا.
 
جاسم محەمەد، وتیشی: لە ئەمساڵدا تاڕادەیەکی زۆر دەشتەکانی ناوچەی شارزورمان کۆنتڕۆڵکردووە بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە، پلانیشمان داناوە بۆ ئەوەی لەساڵانی داهاتوودا هەنگاو بنێین بۆ ناوچەی پێنجوێن تەنانەت ڕوولە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش بکەین، چونکە کاتێک لەوێ‌ تەماتە پێدەگات لای خۆمان کەشوهەوا ساردە و تەماتە پێنەگەیشتووە، بۆیە لەکاتی پێگەیشتنی تەماتەی ئەو ناوچانە بەرهەمەکەی دەگوازینەوە بۆ کارگەکەمان، دواتر ڕوو لەناوچەی گەرمیانیش دەکەین بۆ ئەوەی لەوێش جێگە دەستمان دیاربێت.
 
جاسم محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا کارگەکەمان توانای بەرهەمهێنانی ٥٥ هەزار قتووی تەماتەی هەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کە دەکاتە بڕی ٢٥٠ تۆن دۆشاوی تەماتە و پلانیشمان داناوە لەئایندەیەکی نزیکدا ئەو ڕێژەیە بۆ هەزار و ٥٠٠ تۆن بەرز بکەینەوە، هەروەها سەردانی چەند وڵاتێکیشمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو قتووەی، کە دۆشاوەکەی تێدەکرێت کارگەی بهێنینە هەڵەبجە و لەو ڕێگەیەشەوە هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنین.
 
سەر پەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور وتیشی:”لە ئێستادا بە سەدان جوتیار لەلایەن کارگەکەی ئێمەوە لەسەر زەویەکانی خۆیان هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە، هەروەها هەلی کاریشمان بۆ دەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕەخساندووە.
 
هەروەها، وەرزێر محەمەد، یەکێک لەدەرچوانی کۆلێژی کارگێری زانکۆی سلێمانی کە لەکارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور کاردەکات  وتی:”کردنەوەی ئەم کارگەیە سودێکی زۆری هەبوو بۆ دەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا لە سنوری هەڵەبجە و شارەدێکانی خورماڵ و سیروان و سنوری شارەزوور”.
 
ئەو دەرچووەی کۆلێژی کارگێڕی زانکۆی سلێمانی داواکار بوو لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، کە  پشتگیریی لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵییەکان بکەن وەک لەوەی کە پشت بەبەرهەمی دەرەکی ببەستین.
 
کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بۆیەکەمجار لە ٢٥/٧/٢٠١٦ کرایەوە لەسەرتادا توانای بەرهەمهێنانی ٥٠ هەزار قوتووی دۆشاوی تەماتەی هەبوو لە ٢٤ کاتژمێردا، هاوکات لە سەرەتای کردنەوەشدا لەلایەن چەن ئەندازیارێکی ئێرانییەوە سەرپەرشتی کارەکانی دەکرا، بەڵام لە ئێستادا ئەندازیارانی ناوخۆیی سەرپەرشی کارگەکە دەکەن.