“فەرشێكی دەستچنی کوردی” لە ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرا

 
یەکێک لە ڕاخەرە دەستچنەکان بە ناو نیشانی “سۆنقوڕ و کۆلیای” لە لایەن ناوەندێکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کرا.
 ڕاخەرێکی دەستچن لە ناوچەی سۆنقوڕو کۆلیایی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕیزی دەستچنە سەرکەوتووەکانی جیهان دانرا.
ئەمە یەکەم جارە یەکێک لە ڕاخەرە دەستچنەکانی کوردستانی ئێران، لە ناو دەستچنەکانی جیهان‌دا تۆمار دەکرێت.
بەرپرسی ڕیکخراوی بازرگانی‌و پیشەسازی پارێزگای کرماشان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، وتی: “پاش پاراستن و کۆکردنەوەی بەڵگەی جوگرافی و مێژوویی و دانی ئەو بەڵگانە بە ڕێکخراوی “وایپو”، بە پشتگیری ٢٣ وڵات، ئەو دەستچنە کوردیە لەو ڕێکخراوە تۆمار کرا.
”وایپو” شیرکەتێکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەشێک لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان  ئیدارە دەکات.
ڕاخەری سۆنقوڕ لە جۆری قاڵیی کوردی و لە ژێر کۆگای فەرهەنگی کوردی دایە، کە خاوەنی ٢٣ نەخش و نێگاری تایبەت بە خۆیەتی، کە دەتوانین بە ناونیشانی “دەستچنی کوردی” ناوی ببەین.
ئەو نەخشانەی کە لەو فەرشەدا بە کار هێنراون بریتییە لە وێنەی نەخشی ئەکبەر ئابادی، حوسێن ئابادی، عەبدووڵڵاهی، کۆکیایی لەگەڵ نەخشە ناخۆجییەکانی دیکە.
گرینگترین ڕەنگەکانی کە لەو ڕاخەرەدا بە کار هێنراوە ڕەنگی سروشتی ناوچەی کۆلیایە و زۆرتر لە ڕەنگەکانی شین، سەوز و سوور کەڵک وەرگیراوە.
ڕیژەی دەستچنەکانی شاری سۆنقوڕ زیاتر لە ١٠ هەزار کەسن و لەگەڵ کێشەگەلێکی وەک، ئاسانکاری نەکردن، نەبوونی بیمە و نرخدانان بەرەوڕوون.
شاری سۆنقوڕو کۆلیایی لە ٨٥ کیلۆمێتری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان، لە باشوورەوە لە گەڵ شاری سەحنە لە باکوورەوە لەگەڵ قوروە، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ شاری ئەسەدئاباد و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ شاری کامیاران هەڵکەوتووە.