پاڵنەر و ڕێگریەکانی لامەرکەزی ئیداری سلێمانی

 
پێش ھەر شتێک بونی ناوەندێکی بەھێز لەسەر ئاستی دەوڵەت یان ھەرێمەکان, ھەمیشە خەتەرن لەسەر کۆمەڵگا, لە ڕوی ئابوریەوە بێت یان کارگێڕی, چونکە دواجار بەھۆی ئەم ناوەندە بەھێزەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی و کێشەی ئیداری زیاد دەکات, لەسەروی ھەموشیانەوە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا قۆرخی ھەموو جومگەکانی سیستەمی حوکمڕانی دەکەن و لەڕێگەی حزبەوە دەسەڵات بەرە و دیکتاکتۆری دەبەن و ئاستی دیموکراسی و مافی مەدەنی و خزمەتگوزاری  تەنگ تردەکەن, لەلایەکیترەوە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا ھەمیشە ناڵاندومانە و قوربانیمان داوە بەدەست ناوەندێکی بەھێزەوە بەردەوامیش داوای ئەوەدەکەین لە داھاتودا وەک ڕابردوو بغداد ئەو ناوەندە بەھێزەنەبێت کە بەردەوام لەگەڵ حکومەتەکانیدا کێشەمان بۆدروست کراوە, ئیدی بۆ لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان بڕوامان بەناوەندی بەھێزھەبێت؟!!. 
سیستەمی لامەرکەزی لەڕوی (ئیداری و کارگێڕیەوە), نەک تەنھا بۆ پارێزگای سلێمانی بەڵکو بۆسەرجەم پارێزگاکانیتری ھەرێمی کوردستان ڕەوایە و کارێکی تەندروستە لەبەر سێ ھۆکاری سەرەکی. 
 
پاڵنەرەکانی لامەرکەزی
یەکەم/ لەڕووی ئیداری یەوە, داھاتی ئەو پارێزگایەی کە سیستەمی لامەرکەزی تێدا پەیڕەودەکرێت, ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت, ڕاستەوخۆ لەلایەن پارێزگاوە بۆخودی پارێزگاکە خەرج دەکرێت, بەمەش ڕۆتینات و گەندەڵی و کاتکوشتنی زیادە بنبڕ یان کەمتر دەکرێتەوە, کە دواجار خەڵک لێی سود مەند دەبێت. 
دووەم/ لەڕوی کارگێڕیەوە, ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێن, خۆیان سەرپشکن لەدامەزراندنی ھەرکەسێک بۆ ھەرشوێن و پلەیەک بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوەند, کە بەھۆی ئەم کارەوە باشتر لەئێستا ئیش و کارەکانی ھاوڵاتیان ڕایی دەکرێن. 
سێ یەم/ وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا بەھۆی لامەرکەزی ئیداری پارێزگاکانەوە چەند ھەنگاوێک لەڕوی نمونەی دیموکراسیەوە دەچینەپێش, چونکە بەجێ بەجێکردنی ئەم بڕیارە دەسەڵاتەکان ورد دەکرێنەوە ھەمووی لەچوارچێوەی یەک دەزگانامێنێتەوە کە پێی دەڵێن حکومەت!!. 
لەلایەکیترەوە لە دەستوری عیراقدا ئەو بەندە جێگیرکراوە کە دەسەڵات بداتە پارێزگاکان خۆیان بەڕێوەبەرن, گەر نمونەی پارێزگای سلێمانی وەربگرین, کە ماوەیەکە ئەم پرسە لە ئەنجومەن و ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت, زۆر بەسانایی دەتوانن بڕیاری لامەرکەزی لە پارێزگادا جێ بەجێبکەن, بەدەلیلی بەدەستەوەبونی قانون, گەر تەنھا نمونەی پارێزگای سلێمانی وەربگرین کە دەکرێت سەرەتا لەسلێمانیەوە دەست پێبکات و دواتر لەتەواوی پارێزگاکانیتر ئەو مۆدێلە پەیڕەو بکرێت, ئەوەی ئاشکرایە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ٣٢کورسی پێک دێت, بزوتنەوەی گۆڕان ١٢ئەندام, یەکێتی نیشتمانی ١١ئەندامی ھەیە, واتە بەھەردوکیان ٢٣کورسیان ھەیە, ڕێژەی ڕەھان پێویستیان بە کەسیترنیە تا بڕیاری لامەرکەزی بدەن, گەر وابێت چاوەڕێی چیترن؟!!. 
ڕیًگریەکانی لامەرکەزی
ڕێگری لەبەردەم لامەرکەزی پارێزگاکان, گەر قانونیش نەبن, ھەوڵەکانی بون بەلامەرکەزی پەک دەخەن, ئەوەش بەھۆی بونی ناوەندێکی بەھێزە لەھەرێمی کوردستان, کە بەشێوەیەک لەشێوەکان لایەنە سیاسیەکان لەسەری کۆکن, لەلایەکیترەوە, کۆی گشتی ئەو داھاتەی کە لەپارێزگای سلێمانی بەدەست دێت, لەبەر گەندەڵی و بەھەدەردانی لە داھاتی پارێزگاکە بەبێ پارەی نەوت ناتوانرێت پێویستیەکانی پارێزگاکەی پێ پڕبکرێتەوە, وەک لەیەکەم کاردانەوەی حکومەت بینیمان بەو داوایەی پارێزگای سلێمانی ڕازی نیە و پارەی فرۆشراوی نەوتی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ناگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگاکە, بەمەش بونی لامەرکەزی ئیداری و کارگێڕی سلێمانی فەشەل دێنێت, باشترە پێش دەست بردن بۆ لامەرکەزی ئیداری, قسەی جددی بکرێت لەگەڵ حکومەت و فشاری زیاتر بکەن  تا ھاوکاربێت بۆسەرخستنی پڕۆژەی لامەرکەزی ئیداری.