جووڵەی بازرگانی لە مەرزی باشماخ راگیرا

بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزان، ئەمڕۆ كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران راگیرا و بەرپرسی مەرزەكەش دەڵێت، راگرتنەكە تەنیا یەك رۆژ دەگرێتەوە، بەڵام هاتوچۆی گەشتیاران بەردەوامە و ئاسایی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممه‌ چواری حوزەیران، مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ  راگەیاند، ساڵانە لەكاتی هاتنی بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان، بە مەبەستی رەخساندنی كەشێكی ئارام و هێمن بۆ گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێم و ئێران، جووڵەی بازرگانی لە مەرزی باشماخ رادەگیرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم پێوەندیمان بە لێپرسراوی مەرزی نێودەوڵەتی  باشماخی ئێران كرد، رێیەوتین ئەمڕۆ سێشەم یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، هەموو جۆرە جووڵە و كاروبارێكی بازرگانی و ئەو چالاکییانەی پێوەندییان بە كاری گومرگی بارەوە هەیە، لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی  ئێران رابگیرێت.

سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دووپاتی دەکاتەوە، سبەینێ چوارشەممه‌، كاروباری بازرگانی لە مەرزەکە بە فەرمی دەست پێ دەكاتەوە.

“ئەمڕۆ و رۆژانی تری جەژن، هاتن و چوونی گەشتیارانی هەرێم و ئێرانی و رۆژهەڵات لەمەرزەكەماندا بەردەوامی دەبێت و ئاساییە” مەریوان کەمال وای گوت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێم و ئێرانی لێوە دەکرێت.