وەزارەتی بازرگانی عێراق: تائێستا دوو ملیۆن تەن گەنمی جوتیاران وەرگیراوە

وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق رایگەیاندوە: لەسەرەتای وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیارانەوە تائێستا لەهەموو پارێزگاكاندا دوو ملیۆن تەن گەنم وەرگیراوە.

هەیسەم جەمیل بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: لەسەرەتای وەرزی دروێنەی دانەوێڵەوە تائێستا لەهەموو عیراقدا بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە بڕی یەك ملیۆن و 998 هەزار و 348 تەن گەنم بە هەموو جۆرەكانیەوە لەجوتیاران وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنەكەش بەردەوامی هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە ئەوەشی خستۆتەڕوو: گەنمی ئەمساڵ لەڕووی كوالێتی و كێشەوە زۆرباشە، ئاماژەی بەوەشداوە بەهۆی بڕیارێكی لێژنەی باڵاوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ڕاگیراوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك  بەردەوامی هەیە.