بیرە نەوتەکانی کەرکوک مەترسیان لەسەرە

بەھۆی وەستاندنی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوکەوە، کۆگاکانی ھەڵگرتنی نەوت لەو پارێزگایە پڕبوون و بەرپرسانی نەوتی کەرکوکیش ناچاربوون ئەو نەوتەی لەبیرەکان دەریدەھێنن، دوای جیاکردنەوەی غازەکەی، جارێکی تر بیکەنەوە ژێر زەوی.


ئەو  بیرە نەوتانە ھێشتا لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عیراقدایە رۆژانە ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە، بەھۆی وەستاندنی ھەناردەکردنیشەوە، کۆگاکانی ھەڵگرتنی نەوت کە توانای ٣ ملیۆن بەرمیلیان ھەیە پڕکراون، بۆیە بەناچاری ئەو نەوتەی لەو بیرانە دەردەھێنرێن، جارێکی تر دەکرێنەوە ناو بیرەکان.

ئەحمەد عەسکەری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، ناچارین جارێکی دیکە ئەو نەوتەی دەردەھێنرێت دووبارە بکرێتەوە ژێر زەوی، ئەمەش بیرەکان تێکدەدات، تائێستا ژمارەیەک بیری لەکارخستووەو زیانی گەیاندووە، لەڕووی ژینگەشەوە ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات.

ئەحمەد عەسکەری راشیگەیاندووە: بۆ کەمکردنەوەی زیانە دارایی و ژینگەییەکانی ھەناردەنەکردنی نەوت، رۆژانە ٥٠ ھەزار بەرمیل رەوانەی پاڵاوگەکانی کەرکوک و بەغدا دەکرێن، بەڵام ١٠٠ ھەزار بەرمیلەکەی تر، دیسانەوە دەخرێنەوە ژێر زەوی.