نرخی نەوت هەڕەشەی مایەپووچ بوون لە بەرهەمهێنەرانی نەوت دەکات

 
 
نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانیدا لە نزمترین ئاستەکانی دوای ساڵی 2003 ەوە مامەڵەی پێوەکرا، ئەو دابەزینە خێرایەش بۆ ئاستی 28 دۆلار، بووە هۆکاری دڵەڕاوکێیەکی زۆر و راگەیاندنی باری نائاسی لە ڤەنزوێلای خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهان.
دوای ئەوەی هەینی رابردوو کۆمەڵێک داتا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران ئاشکرا  کران، بازاڕی نەوت لەماوەی دوو کاژێردا رووبەروی داڕمانێکی گەورە بووەوە و 4% ی بەهاکەی لەدەستدا و تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕەکانیش دابەزینەکە گەیشتە 6%.
بەرزکردنەوەی هەناردەکاری نەوت لە ئێران و نزیکبوونەوەی کاتی دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران لەسەر هەڵگرتنی تەواوی سزا سەپێندراوە ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە، بازاڕەکانی نەوتی بە تەواوەتی ئاڵۆزکردووە، چونکە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، دوای هەڵگرتنی سزاکان لەماوەی شەش مانگ تا یەک ساڵ ئاستی هەناردەکردنی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل بەرزدەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە لە بازاڕەکانی نەوت هەن و نرخی نەوتی برێنت لە ئاستی 28 دۆلار و 94 سەنت جێگیربووە و بەهای نەتی تێکساسیش لە ئاستی 29 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێ.
شارەزایانی ئابووری سستبوونەوەی گەشەی ئابووری چین بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت دادەنێن، چونکە ئەو وڵاتە گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهان، ئێستاش بەهۆی سستی ئابوورییەکەی خواستی لەسەر نەوت کەمبووەتەوە.
باشووری کوردستانیش کە هەناردەکارێکی نوێی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهان، وەک هەر وڵاتێکی دیکەی هەناردەکاری نەوت رووبەڕووی داتەپینێکی گەورەی داهات بووەتەوە، ئێستا لە قەیرانی دارایی و قەیرانی ئابوورییە.