توركیا دەست بە ڕاكێشانی غازی سروشتی هەرێم دەكات

 
توركیا ئامادەكارییەكانی بۆ بەستنەوەی غازی سروشتی هەرێم بۆ وڵاتەكەی دەستپێكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لە مانگی 2ی ساڵی داهاتوودا، دەست بە دروستكردنی بۆری غازەكە بكرێت.



ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی بەستنەوەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بە هێڵی بۆریی توركیاوە، لە (9)ی شوباتی ساڵی داهاتووەوە، پڕۆژەی بەستنەوەی گازی هەرێم بە بۆری شرناخەوە وەك تەندەر دەخرێتە بەردەم كۆمپانیا توركی و جیهانییەكان.



بڕیاریشە، پاش (10) ڕۆژ لە واژۆكردنی تەندەرەكە، كۆمپانیای جێبەجێكار دەستبەكار ببێت و پێویستە لەماوەی (270) ڕۆژدا كارەكە تەواو بكات.



ئاژانسەكە بڵاویشیكردۆتەوە، قۆناغی یەكەمی ڕاكێشانی بۆریەكە لە توركیا بە پڕۆژەی (شرناخ – ماردین) ناوزەند دەكرێت و لە (35كم) بۆری غازی سروشتی ماردینەوە، بۆرییەكی (40) ئینجی بە درێژی (185)كم بۆ شرناخ ڕادەكێشرێت، تا لەوێیەوە بە بەشەكەی تری بۆرییەكە لە ناو خاكی هەرێم ببەسترێتەوە.
 
ز.ر