میدیاكان: بنەماڵەی ئەردۆگان خاوەنی كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتە


میدیاكانی ئەوروپا بڵاویانكردەوە: بنەماڵەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا خاوەنی كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتە.

میدیاكانی ئەوروپا لەنێویاندا ماڵپەڕی میدیا پارت و رۆژنامەكانی لوسواری بەلجیكی و ئێلمۆندۆی ئیسپانی و لیسپریسۆی ئیتاڵی لەهەواڵەكانیان بڵاویانكردۆتەوە: بنەماڵەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لەرێگەی چەند كۆمپانیایەكی وەهمییەوە بۆتە خاوەنی كەشتییەكی گەورەی گواستنەوەی نەوت بەناوی كەشتی – ئاگداش كە بەهاكەی 26 ملیۆن و پێنج سەد هەزار یۆرۆیە و ئەو  بابەتەشیان بەنهێنی هێشتۆتەوە.

میدیا ئەوروپییەكان ئاماژەشیان بەوەكردووە: بنەماڵەی ئەردۆگان  لەلایەن دوو گەورە سەرمایەداری نزیك لەخێزانەكەیان بەناوی سدقی ئایان گەورە سەرمایەداری توركی و موبارز منسیمۆڤ ملیاردرێری توركی ئازربایجان كە خاوەنی كۆمپانیایەكی گواستنەوەیە لەئیستانبوڵ ئەو كەشتییەی گواستنەوەی نەوتی بۆ  بنەماڵەكەی ئەردۆگان كڕیوە.

بە پێی زانیاری میدیاكانی ئەوروپا موبارز منسیمۆڤ  كە سێ لەسەر چواری پارەی كەشتییەكەی داوە، لەلایەن ئەردۆگانەوە رەگەزنامەی توركی پێدراوە. 

ئەو رۆژنامانە ئەوەش دەخەنەڕوو: كە رەنگە كڕینی ئەو كەشتییە نەوتییە بۆ ئەردۆگان وەك بەرتیل بێت لەبەرامبەر بەخشینی رەگەزنامەی توركی بە منسیمۆڤ.