ئێران لەبارەی هەناردەكردنی گاز بۆ توركیا روونكردنەوە دەدات

بەرپرسانی ئێران رەتیدەكەنەوە وڵاتەكەیان هەناردەكردنی گازی بۆ توركیا راگرتبێت و دەڵێن، هەناردەكردن گەیشتووەتە ئاستی ئاسایی خۆی كە 30 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتییە.



ئاژانسی فەرمی حكومەتی ئێران لەسەر زاری بەرپرسانی وزەی وڵاتەكەی رایگەیاندووە “هەناردەكردنی گاز بۆ توركیا لەئێستادا گەیشتووەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەوەش دوای چارەسەركردنی چەند كێشەیەك تەكنیكی لەلایەن توركیاوە”.



ئێران رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی رەوانەی توركیا دەكات، بەڵام بەهۆی “دروستبوونی كێشەی تەكنیكیی” لە چەند رۆژی رابردوودا هەناردەكردنی گاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ توركیا كەمی كردبوو.



پێشتر چەند میدیایەكی توركیا ئاماژەیان بەوەكرد بەهۆی دروستبوونی كێشە لەنێوان رووسیا و توركیا، ئێران هەناردەكردنی گازی بۆ توركیا كەمكردووەتەوە. 



رووسیا دابینكەری سەرەكی گازی سرووشتی رووسیایە، بەجۆرێك 60% گازی ئەو وڵاتە دابین دەكات، بەدواید ئێران دێت كە دابینكەری رێژەی 30% گازی توركیایە.


بەپێی رێككەوتنی تاران و ئەنقەرە، پێویست ئێران ساڵانە بڕی 10 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ توركیا دابین بكات، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێك كە ساڵی 1996 و بۆ ماوەی 25 ساڵ واژۆیان كردووە. 
 
ز.ر