كشتوكاڵ کردن لە قەزای پێنجوێن بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی کردوە

 
جوتیارانی سنوری قەزای پێنجوێن بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو ڕویان لەكەرتی كشتوكاڵ كردوەو داواكارن وەزارەتی كشتوكاڵ هاوكاریان بێت بۆ ساغكردنەوەی بەروبومەكانیان، ئەویش بەرێگری كردن لەهاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوە .
لەسنووری قەزای پێنجوێن‌و دەوروبەری بەهۆی بەپیتی زەویە کشتوکاڵیەکانیەوە ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە جوتیارانی سنورەکە بەکەرتی کشتوکاڵەوە سەرقاڵ دەبن،” ئەم ساڵیش بەراورد بەساڵانی ڕابردوو رێژەیەکی زیاتر لەجوتیاران ڕویان لە بەرهەمهێنان و چاندنی بەروبومە کشتوکاڵیەکان کردوە”.
چەند ساڵێکیشە جوتیاران ڕێگەیەکی تازە بۆ  چاندن‌و بەرهەمهێنانی بەروبومەکانیان بەکاردەهێنن،” وەک چاندن بەشێوازی قەترە کەم ئەم شێوازەیان بۆ جوتیاران ئاسانترە و تێچووی کەمیشی دەوێت.
لای خۆشیانەوە جوتیاران دەڵێن: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هاوکاریەکیان ناکات، بەڵام دەتوانێت لەکاتی پێگەیشتنی بەروبومەکانمان ڕێگە لە هاوردەکردنی بەرووبومەکانی دەرەوە بگرێت ، تا بەرووبومەکانمان لە ناخۆدا ساخ بکرێتەوە.
جوتیارێك لەم بارەیەوە دەڵێت: لەکاتی پێگەیشتنی ڕزقەکانماندا ئەوەنە هاوکاریمان بکەن دەروازەکانی وڵاتان لە بەروبومی دەرەوەی کوردستان دابخەن بۆ ئەوەی رەنج و ماندووبونی ئێمە بگات بە ئەنجام و لێی بحەسینەوە.
عوسمان عەلی وەک جوتیارێک لەم بارەیەوە ووتی:” ساڵان حکومەت لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە تاڕادەیەک هاوکاری جوتیاران دەکرا بە پێدانی سەماد و دەرمان هەتا تەنانەت گازیشمان ئەدرایە ”، بەڵام ئەمە دوو ساڵە ئەوانەشمان نەماوە.
ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بەڵێنی هاوکاری بەجوتیاران دەدات لە دابین کردن و پێدانی دەرمانی کشتوکاڵی و ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی بەرهەمە دەرەکیەکان بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان، بەڵام ئەم ساڵ وەک بەڕێوبەری کشتوکاڵی پێنجوین ئاماژەی پێدا وەزارەتی کشتوکاڵ نەیتوانیوە هیچ جۆرە دەرمانێک بەسەر جوتیاراندا دەبەشبکات تەنها هاوکاریەک کە بتوانێت بیکات ڕێگرییە لە هاوردەکردنی بەروبومی دەرەکی ئەویش نەتوانراوە وەک پێویست رێگری لێبکرێت.
 بەرێوبەری کشتوکاڵی پێنجوین ڕایگەیاند: ” لەم ساڵدا هیچ دەرمانێکی زەراعی یاخود سەمادێکی کیماییمان بۆ نەهاتووە تا دابەشیبکەین بەسەر جوتیاراندا لە سنورەکەماندا بەڵام  وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بریارێکی دەرکرد بە دانای باج لەسەر بەروبومی دەرەکی کە هاوردەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەکرێت، دەتوانین بلێن ئەمەش دەبێتە پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران کە بتوانن بەروبومەکانیان بەشێوەیەکی گونجاو لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ساخ بکەنەوە .
ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی ( بەراو )  لەسنوری قەزای پێنجوێن زیاتر لە ٨٠ هەزار دۆنمەو بەپێی ئامارێکی کشتوکاڵی پێنجوێنیش ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٠ هەزار تەن شوتی و ٢٥ هەزار تەن تەماتە لە سنورەکەدا بەرهەم هاتووەو ڕەوانەی بازارەکانی هەرێم کراوە.