داعش چۆن نەوت بە توركیا دەفرۆشێت؟

 
دەوڵەتی توركیا لەلایەن میدیا رۆژئاواییەكان و ركابەرە سیاسییەكانییەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ داعش هەیە. 
گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) تاوەكو ئێستا ئەو تۆمەتانەی بەفەرمی رەتنەكردووەتەوە، بەڵام حكومەتی توركیا بەتووندی وەڵامی ئەو میدیا ئەمریكییانە دەداتەوە و دەڵێ زانیارییەكان راست نین. 
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا حكومەتی توركیا سەبارەت بەو رەوشە نوێیەی داعش لە ناوچەكەدا هێناویەتە ئاراوە هەڵوێستێكی روونی نەبوو. لەنێوەوەی توركیاشدا دەنگی رەخنەكان لەسەر بێدەنگیی درێژخایەنی حكومەتی توركیا بەرزتر دەبوونەوە. بەڵام دوای ئەوەی پاش سەد و یەك رۆژ، كارمەندانی كۆنسوڵخانەی توركیا لە مووسڵ و خێزانەكانیان لەدەستی داعش رزگاركران و گەڕانەوە توركیا، وا هەستدەكرێت حكومەتی توركیا بێدەنگییەكەی شكاندووە. 
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە  راپۆرتێكدا نووسیبووی قەبارەی هاوردەكردنی نەوتی داعشە لەلایەن توركیاوە، كە بە یەك تاوەكو دوو ملیۆن دۆلار لە رۆژێكدا دەخەمڵێنێدرێت. بەڵام گوتەبێژێكی كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا رایگەیاندووە “ئەوەی دەگوترێت مەحاڵە. چونكە ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی هاوردەكراو بە پەنجا دۆلاریش بێت، كەواتە دەبێ رۆژانە چوارسەد هەزار بەرمیل هاوردە كرابێت بۆئەوەی بگاتە ئەو ژمارەیە. ئەمەش پێویستی بە بۆڕیی گەورە و هێڵی پێشكەوتوو هەیە، كە لەو ناوچەیەدا نییە”. ئەو گوتەبێژە دانیشی بەوەدا ناوە كە نەوتی داعش بە قاچاخ دێتە ناو توركیاوە و “ئەوە رێگەی لێناگیرێت”.
حكومەتی توركیا لە مەسەلەی بە قاچاخ هاوردەكردنی نەوتی داعشدا بۆ ناو توركیا بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە كە سنوورێكی زۆرتر هەزار كیلۆمەتری لەگەڵ سووریادا هەیە و ئەو ناوچانە ئێستا ناوچەی شەڕن. كاتێكیش شەڕ دەبێت، حكومەتەكان سنوورەكانیان بە نیمچە كراوەیی و كۆنترۆڵی كەمترەوە دەهێڵنەوە بۆئەوەی پەنابەران بتوانن بە هاتنە ئەمدیوی سنوور ژیانیان بپارێزن. حكومەتی توركیا لە میدیای توركیدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە داعش سوودی لەو “كەلێنە ئەمنییە” وەرگرتووە و نەك هەر نەوت بەڵكو چەكداری نوێی داعشیش لە سنووری توركیاوە دزە دەكەنە ناو خاكی سووریا و عێراقەوە.
میدیاكانی توركیا لە زاری كاربەدەستانی توركیاوە ئەوە ئاشكرادەكەن كە حكومەتی ئەو وڵاتە توانای كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نییە و لەوەتەی دەوڵەتی توركیا دامەزراوە، هەمیشە كێشەی هەبوونی كەلێنی ئەمنیی لەسەر سنوورەكان هەبووە. یەكێك لەو نموونانەش، كە میدیاكانی توركیا دەیهێننەوە، ئەوەیە كە ئەو سی و چوار كوردەی خەڵكی باكووری كوردستان كە ساڵی 2011 لە گوندی رۆبۆكسی بە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا كوژران، ئەو كەسانە بوون كە كاری قاچاخیان دەكرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا داعش بەفەرمی رەتكردنەوەكەی دەوڵەتی توركیای پشتڕاست نەكردووەتەوە.
 
ز.ر