کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان متمانەیان بەھەرێمی کوردستان ھەیە؟.

 
بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بەبواری بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، ئەمرۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تەلاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی عێراقی کرد.
لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون باس لە رەوشی ئێستای بازرگانی ھەرێمی کوردستان و ئامادەیی ھاوکاریی کۆمپانیا بازرگانیە جیھانی و بەریتانیەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوەو ھەردوولاش گەشبینی خۆیان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەربڕی.
لەبەرامبەردا وەفدی میوان پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ کاری بازرگانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو باسیان لە پلانی ستراتیژی بازرگانی و باوەربوونیان بەبازاری ھەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان بەریتانیاو ھەرێمی کوردستان کرد.  
ھەر لەو دیدارەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ھەرچەندە ئەمرۆ ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نائاسایی دایە، بەڵام جێگای خۆشحاڵیە، کە ھێشتا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان متمانەیان بەھەرێمی کوردستان ھەیەو دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستاندا کار بکەن.