وەزارەتی بازرگانی: پلانمان هەیە كارگەكانی هەرێم پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستن

وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئێستا 85%ی كەرەستەی كارگەكان لەدەرەوە هاوردە دەكرێن و پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێ و ئەو كارگانە بەرهەمی ناوخۆی بەكاربێنن. 
 
فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی  راگەیاند، ئێستا چوار هەزار كارگە لە هەرێمی كوردستان هەیە و سێ هەزار و 600 كۆمپانیایش كار دەكەن، ئەوان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كار دەكەن.

زیاتر وتی، جگە لەوە بەردەوام داواكاریی دامەزراندنی كارگەی نوێ پێشكەیش دەكرێت، بۆیە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین و گرنگی زۆر بە كەرتی پیشەسازی دەدەین .

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی، 85%ی هاوردەی كارگەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، ئەوەیش كێشەی گەورەی ئێمەیە كە بەرهەمی ناوخۆیی ساخ نابێتەوە، هەروەها وای كردووە نرخی كەلوپەلیش گران بوەستێ و كوالیتیشی باش نەبێت.

زیاتر وتی، بۆیە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی ئابووری هەر وڵاتێك، گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆیی، چونكە كە بەهای دیناری عێراقی نەما، وەك ئێستە كە كەلوپەلیش گران بووە، بۆیە ئەگەر ئەو كەرەستانە لە ناوخۆ بووایە، هیچ گۆرانكارییەك رووی نەدەدا.

شێخ كامیل باسی لەوەیش كرد، یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كارگەكان زیندوو بكەینەوە و بەرهەمی ناوخۆیی لەجیاتی بەرهەمی دەرەوە بەكاربێنن، چونكە لە رووی كوالیتی و تەندروستی و نرخیشەوە باشترە، بۆیە گرنگە تاكی خۆمان لەوە هۆشیار بكەینەوە كە كاڵای دەرەوە زۆربەی خراپە و بێكەڵكە.

ئەو بەڕێوبەرە گشتییە روونی كردەوە، ئەگەر كارگەكان بەرهەمی ناوخۆیی بەكار بێنن، هەلی كار زیاد دەبێت و هەژاری كەم دەبێتەوە و بەرهەمی ناوخۆییش ساخ دەبێتەوە، هەموو كەرتەكان و هەموو خەڵكیش لەو كارگانە سوودمەند دەبن، بۆیە پلانمان وایە لەجیاتی كەلوپەلی دەرەوە، گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەین و كارگەكان بەرهەمی ناوخۆیی بەكار بێنن.