پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2021دا خواست لەسەر گازی سروشتی زیاد بكات

شیكەرەوانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینییان كردووە، لە ئەمساڵدا خواستی جیهانی لەسەر گازی سروشتی بە ڕێژەی 2.8% زیاد بكات.

جۆن باتیس، گەورە شیكەرەوەی كەرتی گازی سروشتی لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی كانونی دووەم بڵاوكراوەتەوە ڕایگەیاندووە، “بازاڕی گازی سروشتیی جیهان لە ساڵی 2020دا گەورەترین دابەزینی بەخۆیەوە بینی، كە بە نزیكەی 2.5% دابەزی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “نرخی گازی سروشتی، ساڵی 2020ی بە گەشەكردنەوە جێهێشت و لە وەرزی زستان و هەفتەكانی سەرەتای ساڵی 2021دا خواست لەسەر ئەو سوتەمەنییە زیادی كرد”.

ئەو شارەزایەی كەرتی گازی سروشتی پێشبینی كردووە لە ساڵی 2021دا خواست لەسەر گازی سروشتی زیاد بكات و وتویەتی، “بوژاندنەوەی كەرتی گاز زۆر گەورە نابێت بەڵام بەڕێژەیەكی بەرچاو باش دەبێت لە 2021دا و بە ئەگەری زۆرەوە بە ڕێژەی 2.8% خواست لەسەری زیاد دەكات”.