وەزیری كشتوكاڵ چەند بریارێكی لە بەرژەوەندی كەرتی پیشەسازی پەلەوەر دەكرد


وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، پڕۆژە یاسایەكمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پێداچوونەوە بەكاری سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵی و ڤێتێرنەریەكان لەگەڵ قەرزە كەڵەكە بووەكانی سەر پڕۆژەكان بكرێتە قەرزی درێژخایەن.

بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ دووشەممە 28/9/2020، لەگەڵ بریكاری وەزارەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەری-یان كرد، كە لە نوێنەری سەرجەم خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان ، سەربڕخانەكان، كارگەكانی ئالیك، هەڵێنەرەكان و كۆمەڵە پەلەوەریەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەكانی وەزارەت پێكهاتبوون .

ڕاشیگەیاندووە، كەرتی پیشەسازی پەلەوەر كەرتێكی گرنگە، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەرمان دامەزراندووە تا كێشە و گرفتەكانی ئەم كەرتە چارەسەر بكەین، هەر ئەمڕۆ بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بە كۆی دەنگ چەند بڕیارێك درا .

باسی لەوەشكردووە، بەردەوامیدان بە باجی گومرگی لەسەر هێلكەی تروكاندن، هەروەها تەنها خاوەن هەڵێنەرەكان دەتوانن هێلكە تروكاندن هاوردە بكەن بە پێی توانای خۆیان، دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتی كەرتی پەلەوەری، زیادكردنی باج لەسەر پارچەكانی مریشك، ئاسانكاری كرێی كارەبا و سۆیە دەكرێت بۆ كارگەكانی ئالیك، لە بەرامبەردا پێویستە ئەوانیش نرخی ئالیك دابەزێنن بۆ ئەوەی نرخی مریشك لەسەر هاووڵاتی كەم بێتەوە.

ئەوەشیخستۆتەڕوو، كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە تا چاودێری هەڵێنەرەكان بكات، هەروەها بۆ چارەسەركردنی هەناردەی بەرهەمی مریشك بۆ خوارو ناوەڕاستی عیراق، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژە یاسایەكیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پێداچوونەوە بەكاری سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵی و ڤێتێرنەریەكان لەگەڵ قەرزە كەڵەكە بووەكانی سەر پڕۆژەكان بكرێتە قەرزی درێژخایەن.

ئاشكراشیكردووە، ئەمانە بەشێكن لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر لە پێناو بەرەو پێشبردنی ئەم كەرتە گرنگە.