جوتیارانی گوندی دارەبەن له‌ سنووری پینجوێن ساڵانە ١٠ تۆن بادەم بەرهەمیان هەیە

لەگوندی دارەبەن سنووری پینجوێن، وەرزی تەکاندنی بادەمە و جوتیاران سەرقاڵی تەكاندن و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیانن، وەك جوتیارانی گوندەکە باسی دەكەن بەرهەمی ئەمساڵیان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە نزیکەی ١٠ تۆن بادەم بەرهەمیان هەیە.

داری چوالە یان بادام، زیاتر بەشێوەی دەستکرد، لەناوچە فێنک و کوێستانی و شاخاوییەکان  بەشێوەی دێمی دەڕوێنرێت، دارەکە کەمتر پێویستی بە ئاوە، بەڵام سەرچاوەی ئاوی هەبێت بەرهەمەکەی جوانتر دەبێت، تەمەنی دارەکە دەگاتە نزیکەی ۸۰ ساڵ، دارێکی سەخت و بەهێزە، لەسەرەتای وەرزی بە هاردا داری چوالە بەر دەدات بەرەکەی پێی دەوترێت چوالە و بە سەوزیی دەخورێت، هەربۆیە هەر لەگەڵ پێگەیشتنیدا بەشێکی لە لایەن جوتیارانەوە بە سەوزیی لێدەکرێتەوە و لە بازاردا دەفرۆشرێت و خەڵک وەک میوەیەکی بەهارە لەگەڵ خوێدا دەیخوات و تامێکی شیرین یان مزری هەیە.

تەمەنی چوالە بەسەوزی و ناسکی تەنها چەند ڕۆژێکی کەمە لە بەهاردا و دواتر بەهۆی پیربوونیەوە ڕەق دەبێت و کەڵکی خواردنی نامێنێت بەسەوزی، هەر بۆیە بەشێکی زۆریی بە دارەکانەوە دەمینێتەوە بۆ ئەوەی وشکبێتەوە و پاشان ساڵانە لەم کاتەدا چوالە وشکبووەکە کە پێی دەگوترێت بادام دەتەکێنرێت.

چوالە و بادام توێژینەوەکان دەریان خستووە کە خواردنی سودێکی زۆری بۆ تەندروستیی و لەشی مرۆڤ هەیە هەر بۆیە مرۆڤ بایەخ بە خواردنی دەدات وەک چەرەس و لەگەڵ خواردنی دیکەشدا و نرخیشی تاڕادەیەک بەرزە لە بازاڕدا.

لە گوندی دارەبەنی سنوری شارەدێی ناڵپارێز، لەشارۆچكەی پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی، ئێستا وەرزی تەکاندنی بادەمە و جوتیاران سەرقاڵی تەكاندنی بەرهەمەکانیانن، بەهۆی فێنکی ناوچەکەش گوندی دارەبەن ساڵانە بەرهەمێکی باشی بادەمیان هەیە.

تەكاندنی داری بادەمەكان هاوشێوەی تەکاندنی گوێزە و بەجۆرێكە، سەرەتا ڕاخەرێكی گەورە لەبنی دارەكان دادەخرێت بۆ ئەوەی لەكاتی تەكاندنەكەی بەرهەمەکە نەکەوێتە سەر زەوییەكە و خراپ نەبێت، دواتر كۆدەكرێتەوە پاشان پاك دەكرێت و ئامادە دەكرێت بۆ خواردن.

گوندی دارەبەن پێکدێت لە ٢٠ ماڵ، ساڵانە نزیكەی ١٠ تۆن بەرهەمی بادەمیان هەیە و دەیفرۆشین لەبازاڕەكاندا.

كەمال كەریم، جوتیارێکی خەڵكی گوندی دارەبەنە  وتی: ساڵانە لەم مانگەدا دەست دەكرێت بەتەكاندن و كۆكردنەوەی بەرهەمی بادەم، ئەو كەسەی دارەكان دەتەكەنێت دەبێت شارەزایی هەبێت لەتەكاندنیدا، تواناو تاقەتێكی باشیشی هەبێت چونكە ئیشەكە قورسە.

وتیشی: سێ‌ جۆر بادەممان هەیە تاڵ، شیرین  فستقی كە ناسكە خەڵك هەمووی كۆدەكەنەوە، نرخەكەی لەبازاڕدا کیلۆی نزیكەی ٢ هەزار دینار دەكات، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەیی پاڵپشتەوە بایەخی كەمبووەتەوە لەناوخەڵكدا، چونكە كارەكە بەكەسی زۆر دەكرێت.

حەمەساڵح قادر، جوتیارێكی دیكەیە وتی: ئێستا ئێمە سەرقاڵی تەكاندنی بەرهەمی بادەمین لەگوندەكەماندا، ئیشەكەمان زۆر ناڕەحەتە بەدارێكی درێژ دەیتەكێنین و پاشان دەیفرۆشین لەبازاڕەكاندا.

وتیشی، ئەو جۆرەیی تاڵە دەبێت خۆش بكرێت بەخوێ‌ و ئاو پاشان بۆ خواردن خۆشە، شیرینەكەشی ئەگەر ناوكەكەی دەربێنیت كیلۆیی ١٠ هەزار دینار دەكات.

شارەزایانی بواری کشتوکاڵ دووپاتی دەکەنەوە کە خاک و کەش و هەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ پەروەردەکردنی داری چوالە و ئەگەر پلانی گونجا و و پاڵپشتی حکومەت هەبێت بۆ جوتیاران ئەوا دەکرێت بەرهەمی بادام بکرێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری وڵات.