خاوەن کارگەیەک له‌ سلێمانی: به‌هۆی بایکۆت کردنی کاڵای تورکیه‌وه‌ فرۆشمان بۆ دوو هێنده‌ زیادی کردوه‌

خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ڕۆن لە سلێمانی ئەوە دەخاتەڕوو، لەوەتەی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکی دەستیپێکردووە، فرۆشی کارگەکەی بۆ دوو بەرامبەر زیادیکردووە، بەجۆرێک پێشتر ٦٠٠ لیتر ڕۆن-یان لە ڕۆژێکدا ساغدەکردەوە، ئێستا ڕۆژانە هەزار و ٥٠٠ لیتر ڕۆن دەفرۆشن.

کارگەی کاشۆ، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ڕۆنە لە سلێمانی و ماوەی پێنج مانگە دەستبەکاربووە، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و زەیتوون بەرهەمدەهێنێت و ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی هەزار و ٥٠٠ لیتر ڕۆنە.

سۆران جەمال، وەبەرهێن و خاوەنی کارگەی کاشۆ بۆ ڕۆژنیوز باس لە زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمی کارگەکەیان دەکات و دەڵێت: ”تا ١٠ ڕۆژ پێش ئێستاش ئێمە دەمانتوانی ڕۆژانە هەزار و ٢٠٠ لیتر ڕۆن بەرهەمبهێنین، دەمانتوانی تەنها نیوەی ئەو بەرهەمە ساغ بکەینەوە، بەڵام لەوەتەی ئەم هەڵمەتی بایکۆتەی کاڵای تورکی دەستیپێکردووە، فڕۆشتنمان دوو بەرامبەر بووە، ڕۆژانە هەزار و ٥٠٠ لیتر ڕۆن بەرهەمدەهێنین و ڕاستەوخۆ ساغی دەکەینەوە”.

خاوەنی کارگەی کاشۆ باسیش لە جیاوازیی کوالێتی بەرهەمی ناوخۆیی لەگەڵ دەرەکیی دەکات و دەڵێت:  ”بەرهەمی کارگەکەی ئێمە سروشتییە و هیچ کەرەستەیەکی حافیزەی تێدانییە”.

سۆران جەمال بایکۆتی کاڵای تورکی بە دەرفەت ناودەبات، بۆ “بەخۆداچوونەوەی حکومەت و بازرگانەکان، لەبری ئەوەی سەرمایەکانیان لە دەرەوەی وڵات بەکاربهێنن، بێن لەناو وڵات و شارەکانی خۆمان سەرمایەگوزاری بکەن”.

لەدوای هێرشە داگریکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی بەشێوەیەکی بەربڵاو سەرانسەری باشوری کوردستانی گرتەوە.

تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ٢٤٠ هەزار کەس لەڕێگای گروپێکەوە کار بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکەن، ڕۆژانەش لە شار و شارۆچکەکان هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بەڕێوەدەچێت.