حەوت بانکی ئێرانی لە عێراق دەکرێنەوە


سەرۆک ناوەندی بانکە تایبەتییەکانی ئێران ئاشکرای کردوە، حەوت بانکی تایبەت لە عێراق دەکەنەوە.

کورۆش پەرویزیان، سەرۆکی ناوەندی بانکە تایبەتەکانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، حکومەتی بەغدا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی حەوت بانک لە عێراق کە سەرمایەی هەر بانکێکیان (50) ملیۆن دۆلارە.

پەرویزیان بە ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی راگەیاندوە؛ ئەو کەسانەی کاڵا رەوانەی عێراق دەکەن یان ئەندازیارن و پێویستیان بە پشتیوانی مادی هەیە، دەتوانن سود لەو بانکە تایبەتییانە وەرگرن.

ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەگەرچی بەغدا رەزامەندیی بۆ کردنەوەی حەوت بانکەکە دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا دو بانک بە شێوەیەکی چالاک کارەکانیان لە عێراق دەستپێکردوە.

بە پێی زانیارییەکان ئەو بانکانە لە کەرتی تایبەتیدا کار دەکەن و مەبەستی سەرەکیی پشتیوانی لە هەناردەکاران و ئەندازیاران و خاوەنکارانی ئێرانییە لە عێراق.