له‌ سلێمانی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان داواکاری زۆری گەشتکردن بۆ تورکیا ھەیە

ساڵانە و لەگەڵ نزیکبونەوەی جەژن و بۆنەکاندا داواکاری زۆر لەسەر کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوە و گەشتیاری ھەیە و ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی گەشتکردن و وەرگرتنی پشوو سەردانی وڵاتانی دەرەوە بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی دەکەن.

لە شاری سلێمانی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بریکاری سەرەکی ھێڵە ئاسمانییەکان و کۆمپانیای گەشتیاری ھەیە، ئەم کۆمپانیایانە لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ گەشتەکانی رۆژانی جەژنن و زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەش باس لەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران داواکارییان بۆ گەشتکردن پێشکەش کردووە و گەشتەکانیان لە ئێستاوە پڕ بووە بۆ رۆژانی جەژن.

بەڕێوەبەری بریکاری سەرەکی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین لە سلێمانی، کۆچەر ستار لەو بارەیەوە رایگه‌یاند: “ھەفتانە لە رێگەی ھێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین حەوت گەشتی راستەوخۆ لە نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی ھەیە، لەئێستادا و بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنەوە داواکاری زۆر لەسەر گەشتی ئیستانبوڵ ھەیە و گەشتەکانمان بۆ ھەفتەی داھاتوو پڕ بووە”.

کۆمپانیای تراڤس بریکاری سەرەکی گەشتەکانی ھێڵی ئاسمانی فری بێردە لە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو گەشتی راستەوخۆی نێوان سلێمانی و ئانتالیا دەست پێ بکات و لە ئێستاوە بلیتی گەشتەکان ھەموو بڕدراوە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای تراڤس، رەوا فەرەج لەو بارەیەوە وتی: “ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی گەشتەکان و گەشتی گەشتیاران زۆر باشترە و بە ھۆی باشتربوونی رەوشی دارایی و نەمانی پاشەکەوتی مووچە و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا ژمارەیەکی زۆرتر خەڵک گەشتی دەرەوە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەی گەشتەکان زیاتر بووە و کێبڕکێی باش لە نرخدا دروست بووە و گەشتیاریش بژاردەی زۆرتری لەبەردەستدایە بۆ گەشتکردن”.

ئەو وتی: “لە پێش ھاتنی جەژنی رەمەزانەوە داخوازی زۆر لەسەر گەشتکردن ھەیە لە ماوەی رۆژانی پشووی جەژندا، لەلای ئێمەوە کە ھەفتانە دوو گەشتمان ھەیە لە پێش ھەفتەیەک جێگا نەماوە و گەشتەکانمان پڕ بووە بۆ ھەفتەی داھاتوو، بەڵام لە دوای جەژن بە ھۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی خوێندنەوە تا رادەیەک ژمارەی گەشتیاران کەم دەکات، دواتر و لە مانگی تەمووز بە تایبەتی ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاد دەکات و لەئێستاوە داواکاری زۆر بۆ گەشتکردن ھەیە لەو مانگەدا”.

رەوا فەرەج وتی: “رۆژی یەکشەممەی داھاتوو یەکەم گەشتی راستەوخۆی نێوان ئانتالیا و سلێمانی دەست پێ دەکات، ھەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆمان دەبێت بۆ ئانتالیا و بە درێژایی وەرزی ھاوین ئەو گەشتانە بەردەوام دەبێت”.

بە وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، زۆرترین خواستی گەشتکردن لە ھەرێمی کوردستانەوە لەسەر تورکیایە و کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوە و گەشتوگوزار خواستێکی زۆری گەشتکردنیان بۆ تورکیا بە گشتی و ئیستانبوڵ بە تایبەتی لەسەرە، دواتر بۆ ئانتالیا و شارەکانی تر.