نابێت ھیچ دەرمانێکی بێ ستیکەر لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایگەیاند: نابێت ھیچ دەرمانێک بە بێ کوالیتی کۆنتڕۆل لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت.

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایگەیاندووە: پاڵپشت بە بڕیارەکانی حکومەتی ھەرێم چەند بڕیارێکیان سەبارەت بە دەرمانی ساختە و فرۆشتنی لە دەرمانخانەکان لەپێناو سەلامەتی تەندروستیی ھاووڵاتیان دەرکردووە، بە پێی بڕیارەکانی سەندیکای دەرمانسازان نابێت ھیچ دەرمانێکی بێ ستیکەر کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەدەرمان دەدرێت، لەدەرمانخانەکان نەفرۆشرێت، بەڵکو دەبێت ئەو جۆرە دەرمانانە بگەڕێندرێنەوە بۆ کۆگاکان و لەوێشەوە بۆ کۆمپانیاکان، پێویستە حکومەت سەرجەم ئەو شوێنانە دابخات کە نارەسمین و دەرمانیان تێدا دەفرۆشرێت.

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان جەختیش دەکاتەوە، لە سەرجەم لقەکانیان پشکنەریان داناوە بۆ پشکنینی ھەر شوێنێک کە دەرمانی ھەبێت، ھاوکات داواش دەکەن ھەر لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ جۆری دەرمان و دەرمانخانەکان دەکات، دەبێت ھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکا بکەن و نوێنەری ئەوانیش لە لیژنەکاندا ھەبێت.