ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتۆتەوە

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 2/6/2018، كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتۆتەوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە كێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزە دروستبوە و ئاوی خواردنەوە دابەش نەكراوە.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەكاتێكدایە 1/6 كاتی بەردانەوەی ئاوە نەوەك گرتنەوەی،  هەرێمی كوردستانیش لەو بەروارە ئاو بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق بەردەداتەوە، بەڵام بەداخەوە كۆماری ئسیلامی ئێران لە جیاتی بەردانەوەی ئاو هەڵساوە بە گرتنەوەی و ئەمەش بۆ دووەم جارە ئاو دەگرێتەوە.

لەگەڵ دروست بوونی كێشەكە رێباز حەملان، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و بەڕێز سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر  و لایەنە پەیوەندارەكان لە پەیوەندی بەردەوام دایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

هەروەها  بەڕێوەبەری گشتی بەندا و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەیوەندی دایە لەگەڵ  وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی عێراقی فیدرال.