قەیرانی ئاو: داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

قەیرانی ئاو کێشەی ئەمڕۆ و ساڵی پێشوو و دەساڵ لە مەوپێش نیە، کێشەی چەندین دەیەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام نەوت نەیهێشتوە وەک کێشەیەکەی سەرەکی دەربکەوێت، هەروەها بۆ ئەوەی ئاو کۆنترۆڵ بکرێت و بە سیاسی بکرێت پێویستی بە سەرمایە و کات و تەکنەلۆجیا هەبووە کە هەتا ئەم دواییانە بەردەست نەبوە.
پرۆژەی تورکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی کوردستانی باکور دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان، بەڵام بێ پارەیی دوای خست. بەنداوی ئیللی-سو، لە سەرەتای ٢٠٠٦ەوە دەست بە کارکردن کراوە لە سەری، لە ٢٠٠٠ەکانەوە کاری ئەکادیمی و ئارکەلۆجی و سیاسی هەیە لە سەری، بۆیە بەهانەی ئەوەی بە هۆی هۆکاری روداوی ئەم ماوەیە بوە، ڕاست نیە.
بیرم دێت لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکان کە من لە زانکۆ خوێندکاری بەکەلۆریوس بوم، ماگی ڕۆنانم ناسی لە کۆلێژی ئارکەلۆژی زانکۆی گالوەی کە کاری لە سەر مەترسی بەنداوی ئیللی-سو و ژێرئاو خستنی گوندی مێژووی حەسەن کییەف کرد، لینکی کارەکەی لە کۆمێندا دادەنێم. حەسەن کییەف سڕینەوەی مێژووی زیاتر لە ١٢٠٠٠ ساڵی ئەو ناوچەیەیە.
ئەوەی ئاگایی لە سیاسەتی تورکی هەبێت، ئاگادارە کە خیتابی ئاو بەرامبەر نەوت خیتابێکی رەگ داکوتاوی ناو دونیای سیاسەتی تورکیە. تورکەکان کە هەتا ئەم دواییە زۆر هەژارانە دەژیان، ئیرەییەکی گەورەیان هەیە بەرامبەری وڵاتانی دراوسێی نەوتداریان، ئەمە لە خیتابی ڕۆشنبیرانی تورکیشدا جێگەی هەیە، بنواڕە ئۆرهان پاموک لەمبارەوە.
تورکیا ئامانجی تەنها بەدەستهێنانی توانا و کارت نیە بەرامبەر سوریا و عێراق لە دروستکردنی بەنداوەکان، بەڵکو ئامانجی ناوخۆیی زۆری هەیە. جارێکیان ئەندام پەرلەمانێکی سەوزی یەکێتی ئەوروپا پێی ووتم، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تورک نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک دەست لە کوردستانی باکور هەڵگرن بوونی پانتاییەکی زۆری بەتاڵە، کە دەیانەێت وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزە و خواردن بەکاری بهێنن بۆ دانێشتوانی زۆرینە لە بەشی ڕۆژئاوا. ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا پێی دەڵێن بوون بە باسکێت.
هەروەها لە ڕووی سیاسیەوە تورک وەها بیردەکەنەوە کە بەنداوەکان دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری ناوچەکەو لە ئەنجامدا پوکانەوەی کێشەی کورد، کە هەمیشە وەها بینراوە کە کێشەیەکی ئابوری-سیاسیە. لە دیدی پەکەکەوە ئیدارەدانی ناوچەکەیە بەوەی کە رێگری بکات لە هاتوچۆی چەکدارانی پەکەکە.
تورکیا ئەگەر بیەوێت ببێتە ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئەوا ئاوی خۆی نادات بە عێراق و سوریا بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، بەڵكو ناچاریان دەکات بەوەی کە بەروبومی ئەو بکڕن.
عێراق ڕۆژانێک نەیتوانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات کە وەک بلند ئەجەوید دەیوت تەنها داهاتی تورک بریتیە لە بنکەی ئەنجەرلیک و کۆچبەرانی تورک لە ئەوروپا، ئەمڕۆ تورک زۆر جیاوازە لەو ڕۆژانە.
دیارە پاش تەواوبونی بەنداوەکان، لەمەودا دەبن بە چەکی سیاسی، بە دڵنیاییەوە لە هەموو کێشەیەکدا وەک کارتێک بونیان دەبێت، لە ریفراندۆم، قەندیل، پەکەکە، ئێران، ئابوری، سیاسی زۆر شتی تر.