له‌سلێمانی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی کە خۆراکی رۆژانەی خەڵکە گرنگیان پێنادرێت



لە پارێزگای سلێمانی گرنگی بە چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەدرێت و چەند بەرهەمێکی دیکە کە خۆراکی رۆژانەی خەڵکە گرنگیان پێنادرێت،  جۆتیاران دەڵێن، حکومەت پلانێکی وای نییە هاوکاری جووتیارەکە بکات تا گوێ لە حکومەت بگرێت و بەپێی پلانی حکومەت بڕوات بەڕێوە.

ئەگەر بۆ هەرێمی کوردستان سلێمانی بە نمونە وەربگرین ، لە رووبەرە چێندراوەکانی ئەم پارێزگایەدا هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

بۆ نموونە….

846012 دۆنم بە گەنم چێنراوە
274550 دۆنم بە جۆ چێنراوە
16221 دۆنم بە پیاز چێنراوە
49303 دۆنم بە کاڵەک و شوتی چێنراوە
20887 دۆنم بە تەماتە و خەیار چێنراوە

بەڵام هەندێک بەرهەمی دیکە بە تەواوی فەرامۆش کراون ، بۆ نمونە (باینجان، کولەکە، فاسۆلیا، پەتاتە، کەلەرم، قەرنابیت و برۆکلی) کە خۆراکێکی هەمیشەیی و رۆژانەی هاونیشتمانیانە بە هەموویان 6 هەزار و 603 دۆنمیان بۆ تەرخانکراوە کە ناکاتە ئاستی نیوەی زەوی تەرخانکراو بۆ هیچ یەکێک لە نمونەکانی سەرەوە.

سالار ئیسماعیل ، جووتیارێکی باشووری کوردستان بە رووداوی راگەیاند: “جووتیار دەیەوێت زۆرترین پشکی دەست بکەوێت و بەرووبومێکی باشی هەبێت، بەڵام حکومەت پلانێکی وای نییە هاوکاری جووتیارەکە بکات تا گوێ لە حکومەت بگرێت و بەپێی پلانی حکومەت بڕوات بەڕێوە ، ئەگەر حکومەت هاوکاری بکات ئەوکات دەتوانێت پلانێکیشی بۆ دابنێت و بڵێت کۆمەڵێکتان تەماتە بکەن کۆمەڵێکتان باینجان ، یان کولەکە و کەرەستەکانی دیکە”.

دروستکردنەوەی هاوسەنگی بەرهەمهێنان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا پلانی وردی حکومەتی دەوێت ، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ بەهۆی کەمی بودجەکەی لە بودجەی گشتیدا کە دەڵێن ناگاتە 2%ی بودجەی ساڵانە، بۆ دانانی ئەو پلانە دەستە وەستانە.

شاڵاو جەمال ، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی راگەیاند: “وەزارەتی کشتوکاڵ بەگشتی ناتوانێت پلان دابنێت بۆ جووتیار ئیجباری بکات بڵێت ئەم بەرهەمە ئەمساڵ بەرهەم بهێنە یان ئەوەندە دۆنم بچێنە لە تەماتە یان خەیار یان گەنم و هتد، لەبەر ئەوەی ئەگەر وای پێوت ناچار دەبێت بچێتە ژێر باری ئەوەی بازاڕیشی لە داهاتوودا بۆ بدۆزێتەوە، واتە ئەگەر بە جووتیاری گووت ئەبێت ئەوەندە بەرهەم لە بابەتێک بەرهەم بهێنیت ئەوا دەبێت لە داهاتووشدا بازاڕێکت بۆ دابین کردبێت یاخود دەبێت قەرەبووی بکەیتەوە”.

کێشەی گەورەی جوتیارانی کورد لە بازاڕدا کەم نرخی بەرهەمەکانیانە، چونکە هەندێک جار بەرهەمەکەی هێندەی رەنج و بڕی تێچوونەکەی بۆ پەیدا ناکاتەوە ، بەڵام بۆ ئەمەش هەر ئەو ناهاوسەنگی بەرهەمهێنانە هۆکارە کە هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر جار لە بازاڕدا بە هێندەی زۆری خستنەڕووەکەی نرخەکەشی کەم دەکات.