ڕێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦، نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێم ئەنجامدرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی پێشکەشکرد دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها بارودۆخی ئابووری لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی سیستمی ئاسایشی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، هەروەها سوپاسی ڕۆڵی کاریگەری ئەم کەرتە لە پێشخستنی ئابووری و بوژاندنەوەی هەرێمدا کرا.
نەوزاد غەفور رەباتی لە قسەکانیدا، چەند پێشنیارێکی گرنگی پێشکەشکرد بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی، بەتایبەتی لە بواری پتەوکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتگیری بەرهەمی ناوخۆی کارگەکان، بە مەبەستی فراوانکردنی بازاڕەکان بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق. لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کاری پراکتیکی لەسەر ئەم پێشنیارانە بکرێت.
لە کۆتاییدا، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵسوکەوتی ئابووری لە هەرێمدا.









