کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ خاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
رێکەوتی ١٣ی ئابی ٢٠٢٦ کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، نوێنەرانی دامەزراوە حکومییە پەیوەندیدارەکان و خاوەن نوسینگە و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی و یەکەکانی نیشتەجێبوون بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم کەرتە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ڕێکخستن و باشترکردنی بازاڕ.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پێشوازی لە شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، ڕێزان سلێمان، بەڕێوەبەری باجی خانووبەرە، دلێر کەمال، بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی یەک، زانا مەحمود، بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی دوو، ئاکۆ عەلی، نوێنەری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و نوێنەری ئاسایشی ئابووری سلێمانی کرد.لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد ڕەسوڵ سەفرەی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی، لەگەڵ جەوهەر ستار، ئارام بابان و عوبێد سلێمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژوور، هەروەها ژمارەیەک لە خاوەن نوسینگە و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی و یەکە نیشتەجێبوونەکان بەشدارییان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سوپاسی جێگری پارێزگاری سلێمانی و نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد کە بەدەم داواکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هاتن بۆ گوێگرتن لە سەر کێشە و داواکارییەکانی خاوەن نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئەم کەرتە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
نەوزاد غەفور ڕەباتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە داوای خاوەن نوسینگە و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی و یەکە نیشتەجێبوونەکان بەڕێوەچووە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری دامەزراوە حکومییەکان کێشە سەرەکییەکانی بازاڕ بخەنە بەرباس و چارەسەرێکی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە گرنگترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکە، باسکردنبوو لەزیادبوونی ئەو کەسانەی بێ مۆڵەت و بە شێوەی نایاسایی لە بوارى عەقاراتدا کار دەکەن، هەروەها ئەو کەسانەی لە قەزا و ناحیەکان بە دوور لە چاودێری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان مامەڵەی خانوو و زەوی دەکەن، بە تایبەتی کڕین و فرۆشتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زەوییە بێ تاپۆکان.
هەروەها کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بازاڕی عەقارات و بەکارهێنانیان بۆ ڕیکلام و کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لەلایەن کەسانی بێ مۆڵەت، یەکێکی دیکە بوو لە بابەتەکانی گفتوگۆ. ئامادەبونی کۆبونەوەکە ئاماژەیان بەوەدا کەهەندێک کۆمپانیا و نوسینگە بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر پەیج و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، کاریگەری لەسەر بازاڕ و شێوازی کاری نوسینگە مۆڵەتپێدراوەکان دادەنێن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەموو لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت کردەوە و هاوڕابوون کە دەبێت هەنگاوی گونجاو بۆ ڕێکخستن، ڕوونکردنەوەی مامەڵەکان و پاراستنی مافی خاوەن نوسینگە و هاووڵاتیان بنرێت، بۆ ئەوەی بازاڕی خانوو و زەوی و یەکە نیشتەجێبوونەکان لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی یاسایی و ڕێکخراو کار بکات.







