بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکان لە ئاستی عێراقدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازی لە (فراس الحمداني)، سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغداد کرد.
ڕێکەوتی 2026/5/25 نەوزاد غەفوررەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، محمد حاجی رسول سەفرەیی ، شێنێ ئیختیار، جێگرانی سەرۆک و جەوگەر ستار، بورهان علی ، عوبێد سلێمان، کازێو کاوە، بەهمەن عوسمان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازیانکرد لە (فراس الحمداني)، سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغداد.
نەوزاد غەفوررەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆشحاڵی دەبڕی بەسەردانەکەو ڕایگەیاند، سلێمانی یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ وە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دابینکردنی پێداویستیەکانی بازاڕ بۆ تەواوی عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق، بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەی ئابووری و فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پشتیوانیکردن لە بەرهەمە ناوخۆییەکان و هاندان بۆ پەرەپێدانی پرۆژە پیشەسازییەکان کرایەوە، بە شێوەیەک کە بتوانێت پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ دابین بکات و هەنگاوێک بێت بۆ پشتگیری لە ئابووری نیشتیمانی.







