ترەمپ لە ماوەی ١٠ مانگدا بە بەھای ٤٩ ملیار دۆلار چەکی فرۆشتووە

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە وەتەی دەستبەکاربوونی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی تاکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە بەھای نزیکەی ٤٩ ملیار دۆلار رێککەوتنی فڕۆشتنی چەکی واژوو کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راگەیەندراوەکانی رێککەوتنی سەربازیی لە لایەن کۆنگرێسەوە بڵاوکراونەتەوە، ترەمپ یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە لە ماوەی حوکمڕانیدا زۆرترین چەکی فڕۆشتووە بەراورد بە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی کانوونی دووەم تا تشرینی دووەمی ٢٠١٧، ئیدارەی ترەمپ بە بەھای نزیکەی ٤٩ ملیار دۆلار چەک، تەقەمەنی و پێداویستی سەربازیی بە چەندین وڵات فرۆشتووە کە ئەم رێژەیە گەورەترین ئاستە کە ئەمریکا لە ساڵانەی دواییدا تۆماری کردبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو ئەمریکا بە بەھای ٣٣ ملیار دۆلار چەکی بە دەرەوە فڕۆشتبوو. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەمریکا بە بەھای ٥٠ ملیار دۆلار چەک بفرۆشێت و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئیدارەی ترەمپ بە بەراورد لەگەڵ ئیدارەکانی پێشوو پەرۆشترە بۆ رێککەوتنی فرۆشتنی چەک.

ئەمریکا بەرزترین ئاستی فرۆشتنی چەکی لەگەڵ کەنەدا واژوو کردووە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کەنەدا و ئەمریکا رێککەوتنی چەکیان بە بەھای ٥.٢ ملیار دۆلار واژوو کردبوو.

وڵاتی بەحرێن بە پلەی دووەم دێت بە بەھای ٣.٩ ملیار دۆلار. دوای بەحرێن، وڵاتی سعوودیە دێت کە بە بەھای ٣.٦ ملیار دۆلار رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا واژوو کردبوو. بەریتانیاش بە پلەی چوارەم دێت کە بە بەھای ٣ ملیار و ٤٥ ملیۆن دۆلار چەکی لە ئیدارەی ترەمپ کڕیوە. لە دوای ئەویش وڵاتی ئیمارات دێت.

وڵاتی تایوان و ئیسرائیلیش بە بەھای نزیکەی ملیارێک چەکیان لە ئەمریکا کڕیوە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی تۆمارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ماوەی ھەشت ساڵی سەرۆکایەتیدا بە بەھای نزیکەی ٢٧٧ ملیار دۆلار چەکی فڕۆشتووە کە تێکرایی ناوەندی لە ھەر ساڵێکدا دەگاتە ٢٥ ملیار دۆلار. بەم رێژەیە ئۆباما لە مێژووی وڵاتەکەی لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە تاکو ئێستا زۆرترین چەکی بە دەرەوە فڕۆشتووە.